سەردێڕ:

پۆلیسی سلێمانی: باندێكی‌ بازرگانیكردن به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركران

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌رێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌سلێمانی‌
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-11

900 جار خوێندراوەتەوە

 پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، باندێكی‌ پێنج كه‌سیی‌ به‌ تۆمه‌تی‌ به‌كارهێنان ‌و بازرگانیكردن به‌ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركران.

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌رێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ راگه‌یاندن‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌ كۆنفرانسێکی رۆژنامه‌نووسیدا ئه‌مرۆ دووشەمە (١١ی شوباتی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، باندێكی‌ ‌ پێنج كه‌سیان به‌تۆمه‌تی‌ به‌كارهێنان‌و بازرگانییكردن به‌ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركردوە.

سه‌ركه‌وت ئەحمەد ڕونیشی کردەوە، ئاشكرابونی‌ بانده‌كه‌ به‌هۆی‌ دیارنه‌مانی‌ ئافره‌تێكه‌وه‌ بووە له‌شاری‌ سلێمانی‌، له‌لایه‌ن بنكه‌كانی‌ سه‌رچنار و پیره‌مه‌گرون‌ و به‌شی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانه‌وه‌ به‌دواداچون‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئافره‌ته‌كه‌ کرا، دواتر هێزه‌كانی‌ پۆلیس توانیان رۆژی‌ (١٠ی شوباتی ٢٠١٩) ئافره‌ته‌كه‌ له‌ناحیه‌ی‌ پیره‌مه‌گرون له‌ باخێكدا بدۆزنه‌وه‌ كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرابو.

وتیشی‌، "ئه‌و ئافره‌ته‌ هاورێی‌ یه‌كێك له‌تۆمه‌تباره‌كان بووه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چونه‌ته‌ باخه‌كه‌ دواتر رێگه‌یان نه‌داوه‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ماده‌ی‌ هۆشبه‌ریان پێبووه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ ئاشكرایان نه‌كات."

به‌رێوه‌به‌ری‌ به‌شی‌ راگه‌یاندنی پۆلیسی سلێمانی راشیگه‌یاند، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ سلێمانییه‌وه‌ له‌و باخه‌دا چوار تۆمه‌تبار ده‌ستگیركران، دوای‌ پشكنینی‌ باخه‌كه‌ توانرا ده‌ستبگیرێت به‌سه‌ر بڕی‌ نیو كیلۆگرام ماده‌ی‌ هۆشبه‌ردا، هه‌روه‌ها خاوه‌نی‌ باخه‌كه‌ کە تۆمه‌تباری‌ سه‌ره‌كییه‌ توانرا له‌ ناو شاری‌ سلێمانی‌ ئه‌ویش ده‌ستگیربكرێت ‌و له‌ناو ئوتومبیله‌كه‌یدا ده‌ستبگیرێت به‌سه‌ر بڕێك ماده‌ی‌ هۆشبه‌ری‌ دیكه‌دا.

له‌ئێستادا سه‌رجه‌م تۆمه‌تباره‌كان به‌ندن به‌ بریاری‌ دادوه‌ر و به‌پێی‌ ماده‌ی‌ ١٤ی‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان‌ و ٣٩٣ له‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌.

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د باسی لەوەشکرد‌، له‌میانه‌ی‌ هه‌ڵمه‌ت‌ و چالاكییه‌كانی‌ شه‌وانه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بۆ ده‌ستگیركردنی‌ تۆمه‌تباران‌ و كه‌سانی‌ له‌ یاسا ده‌رچوو، له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردودا توانرا ١٠ تۆمه‌تبار ده‌ستگیربكرێت به‌تۆمه‌تی‌ ته‌قه‌كردن‌ و دروستكردنی‌ شه‌ڕ و پشێوی‌، ده‌ستیش گیراوه‌ به‌سه‌ر ئه‌و چه‌ك‌ و كه‌لوپه‌لانه‌ی‌ پێیانبووه‌ و له‌ ئێستادا تۆمه‌تباران به‌بریاری‌ دادوه‌ر به‌ندن.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌رو  له‌چه‌ند چالاكییه‌کدا له‌لایه‌ن هێزی‌ تایبه‌تی‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستگیراوه‌ به‌سه‌ر چوار پارچه‌ چه‌كی‌ بێ مۆڵه‌تدا (سێ ده‌مانچه‌ و یه‌ك كڵاشینكۆف) و خاوه‌نه‌كانیان روبه‌روی‌ دادگا كراونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها نزیكه‌ی‌ ٢٠٠ په‌رده‌ و له‌زگه‌ی‌ ره‌شی‌ جامی‌ ئوتومبێل لێكراوه‌ته‌وه‌وه‌.

د.ن