سەردێڕ:

میدیا جیھانییەکان.. ساڵی ٢٠١٨ چوارەم ساڵ بووە لە گەرمیدا

فۆتۆ: 
2019-02-11

1019 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

رێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لە راپۆرتێکیدا داوای لە ئوسترالیا کردووە، وەک وڵاتێکی ئەندام لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاماری وردی قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەکانی لە عێراق بڵاوبکاتەوە، رێکخراوەکە دەڵێت دواکەوتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئوسترالیا لەبارەی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنییەوە جێگەی نیگەرانییە.

++++

ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی ئاماژە بە وتەیەکی جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، کە ڕایگەیاندووە پێدەچێت هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا لە سوریا بکشێندرێنەوە، کاتی دیاریکراوی ئەوەش پەیوەستە بە دۆخی سوریاوە. ڤۆتێل دەڵێت لە ئێستادا ئەو کەرەستە سەربازیانە دەکشێننەوە کە پێویستیان پێی نیە.

++++

ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی نوسیویەتی، ٢٧ منداڵی رووسی کە لەگەڵ دایکیاندا چووبوونە نێو رێکخراوی داعشەوە لە عێراق گەڕێندرانەوە وڵاتی خۆیان، ئەو منداڵانە تەمەنیان لە نێوان ٤ بۆ ١٣ ساڵدایە، خەڵكی ١٠ ناوچەی جیاوازن لە رووسیا.

++++

ماڵپەڕی جەزیرە ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکات کە ڕایگەیاندووە ساڵی ڕابردوو چوارەم ساڵ بووە لە گەرمیدا و پیشبینیش دەکرێت پلەکانی گەرما لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر بەرزببنەوە، بەڕێژەیەک لە ئاستێک نزیک دەبێتەوە کە زۆرینەی حکومەتەکان بە مەترسیدار بۆ زەوی دەیبینن.

++++

لە ماڵپەڕی ئەلعەرەبیەی سعودیدا ئاماژە بە ئەنجامی توێژینەوەیەکی زانکۆی بەرشەلۆنە کراوە، کە دەریدەخات، کەسانی توشبووی نەخۆشی شەکرە لە جۆری یەکەم، ئەگەری شکانی ئێسکیان زیاترە ئەگەر ڕێژەی شەکر لە خوێنیاندا زۆر بەرزبێت، لە توێژینەوەکەدا رێنمایی ئەوە دراوە کەسانی توشبوو بەو نەخۆشییە پارێزگاری لە رێژەی شەکری خوێنیان بکەن و لە مەترسییەکانی شکانی ئێسک ئاگاداربن.

++++

لە بەشی تەکنەلۆژی ماڵپەڕی تەلەگرافدا بڵاوکراوەتەوە، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەکارهێنەرانی ئاگادار دەکاتەوە کە چیتر ئینتەرنێت ئێکسپلۆرەر بەکارنەهێنن، چونکە لە رووی ئەمنییەوە پارێزراو نیە، کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە چیتر ئەو سۆفتوێرە گەشەپێنادات و بڕیاریشە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتووەوە بەتەواوی دەستبەرداری ببێت.

د.ن