سەردێڕ:

لە سێ رۆژدا نزیکەی سێ هەزار کتێبی بەختیار عەلی فرۆشراوە

فۆتۆ: 
2019-02-11

3169 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا دوو کتێبی نوێی نوسەر و ڕۆماننووس بەختیار عەلی بڵاوبوویەوە، بەپێی ئامارێک تەنها لە سێ رۆژدا نزیکەی سێ هەزار دانە لە کتێبەکانی بەختیار عەلی فرۆشراوە.

کەمێک لەمەوبەر ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند بڵاویکردەوە کە لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا هەردوو کتێبی "دەریاس و لاشەکان" و "ناشوێن"ی نووسەر و ڕۆماننووس بەختیار عەلی دوو هەزار و حەوت سەد دانەی بە تاک و کۆ لێفرۆشراوە.

ناوەندەکە ئەمە وەک مژدەیەکی خۆش بۆ خوێنەران و دۆستانی کتێب ناودەبات و پیرۆزبایی لە نووسەر و ڕۆماننووس بەختیار عەلی دەکات و سوپاسی سەرجەم خوێنەران دەکات کە پێشوازییەکی بێوێنە و شایستەیان لەم دوو کتێبە کردووە.

ڕۆژانی هەینی و شەممە ( ٨ و ۹ی شوباتی ۲۰۱٩) لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە سلێمانی، هەردوو کتێبی "دەریاس و لاشەکان" و "ناشوێن" بە ئامادەبوونی بەختیار عەلی بڵاوکرانەوە.

بەختیار عەلی ساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە، لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٣ی هەولێردا بریندار بووە، وازی لە زانكۆ هێناوە و بە تەواوی خۆی بۆ كاری نووسین و ئەدەبیات یەكلایی کردووەتەوە، لەهەمان ساڵدا (قەسیدەی نیشتمان)ی نووسیوە كە كۆنتریت بەرهەمی بڵاوكراوەیەتی، دواتر لە دیوانی (گوناە و كەرنەڤاڵ) چاپ دەكرێت كە ساڵی ١٩٩٢ بڵاوكراوەتەوە، لە پاییزی ١٩٨٩ یەكەم وتاری لە ڕۆژنامەی (پاشكۆی عێراق)دا بڵاوبووەتەوە، ساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندین كۆڕ و سیمیناری لە سلێمانی و هەولێر پێشكەش کردووە، پاش سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ روویکردووەتە ئەڵمانیا و ساڵی ١٩٩٩ لە شاری كۆڵن نیشتەجێ بووە، تا ئێستا نزیکەی ٣٠ کتێبی بەختیار عەلی بەزمانی کوردی چاپ و بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک لە بەرهەمەکانی بۆ زمانەکانی (فارسی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، ئیتاڵی) وەرگێڕدراون.هەندێکیان زیاتر لە ١٠ جار چاپکراونەتەوە (ئێوارەی پەروانە) و (جەمشیدخانی مامم) لە پێشانگای نێودەوڵەتیی سنە لە ساڵی ٢٠١٨ پرفرۆشترین رۆمان بوون. ساڵی ٢٠١٧ بەختیار عەلی خەڵاتی نیلی زاکسی ئەدەبی ئەڵمانیای پێبەخشرا، زیاتر لە ٦٠ کۆڕی لە شارەکانی ئەڵمانیا و نەمسا و سویسرا وئۆکرانیا و بەریتانیا و چیک و ئیتالیا بۆ رێکخراوە. شاعیر و نوسەر و رۆماننووسێکی دیار و بەناوبانگی کوردە.

Image may contain: 1 person, close-up and outdoor