سەردێڕ:

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر پاشەکەوتی موچە کۆدەبێتەوە

​ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-11

1748 جار خوێندراوەتەوە

 ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی په‌نجاو دووهه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دەدات و مووچه‌ی پاشه‌كه‌وتكراو و قه‌رزی سندوقی نیشته‌جێكردن تاوتوێ‌ دەکات.

به‌پێی نووسراوێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن ئاڕاسته‌ی سكرتێری ئه‌نجومه‌نی کردووە‌، داواكراوه‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، كاتژمێر ١٠ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی سێشه‌ممه‌ (١٢ی شوباتی ٢٠١٩) له‌هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن ئاماده‌بن، به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی په‌نجاو دووهه‌مین كۆبوونه‌وه‌.

به‌پێی نووسراوه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا چوار ته‌وه‌ر له‌خۆده‌گرێت، كه‌ یه‌كێكیان ده‌نگدانه‌ له‌سه‌ر جێگیركردنی (حسێن مەحمود ئیبراهیم) قائیمقامی رانیه‌ به‌وه‌كاله‌ت بۆ قائیمقامی رانیه‌ به‌ هه‌میشه‌یی.

ته‌وه‌ری دووه‌میش ده‌نگدانه‌ بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ساڵی ٢٠١٥ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی.

ته‌وه‌ری سێیه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌ش پێشنیاره‌ بۆ دیاریكردنی بڕی پاشه‌كه‌وتكراوی مووچه‌ی مووچه‌خۆران و ته‌وه‌ری چواره‌میش بریتیی ده‌بێت له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێشنیاره‌كانی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی هاووڵاتیان سه‌باره‌ت به‌ قه‌رزی سندوقی نیشته‌جێكردن.

د.ن