فۆتۆ:
2019-02-11
23963 جار خوێندراوەتەوە
چەند سەرچاوەیەکى هەواڵیی ڕۆژئاوایی بڵاویانکردەوە، لە ژێر پەردەی کۆچکردن بۆ ئەوروپا، سێ دەزگای هەواڵگری بەشداریان کردووە لە هاوکاریکردنی هەڵهاتنی زانایەکی ئەتۆمی ئێرانیدا.
ڕۆژنامەکانی جیروزالیمی ئیسرائیلی و دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویانکردەوە، پرۆسەى کارکردن بۆ هەڵهاتنى ئەو زانا ئەتۆمییە کە ناوی نەهێندراوە، لە مانگی تشرینى یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و توانیویانە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بیگەیەننە ڕۆژئاوا.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەر سێ دەزگای سی ئای ئەی ئەمریکی و موسادی ئیسرائیلی و ئێم ئای ٦ی بەریتانی هاوکاری پرۆسەکەیان کردووە و توانیویانە ئەو زانایە بەسەلامەتی بگەیەننە تورکیا و لەوێشەوە ڕاستەوخۆ لەلایەن خۆیانەوە براوە بۆ بەریتانیا.
ئەو ڕۆژنامانە ئەوەشیان خستووەتەڕوو، پێش ئەوەى ئەو زانا تەمەن ٤٧ ساڵە ئێرانییە ببرێتە ئەمریکا لەلایەن دەزگای هەواڵگری بەریتانیاوە لێکۆڵێنەوە و پرسیاری دەربارەى بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لێکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتى و ئەمریکا و ئیسرائیل بە تایبەتی مەترسی خۆیان ڕاگەیاندووە لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەڵێن ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنى چەکی ئەتۆمی.