سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە نوێنەری پارێزگاکان کرد وێنەیەک لە یاسای بودجەی فیدراڵی وەربگرن

فۆتۆ: 
2019-02-09

2290 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە وەزارەت و نوێنەری پارێزگاکان کرد، دەتوانن لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتووەوە سەردانی وەزارەتەکە بکەن، بۆ وەرگرتنی وێنەیەک لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩.

سەرچاوەیەکی ڕاسپێردراو لە وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ شەممە (٩ی شوباتی ٢٠١٩) لە بەیاننامەیەکدا داوای لە نوێنەری وەزارەتەکان، پارێزگاکان و ئەنجومەنەکانی لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەکانەوە کرد، سەردانی وەزارەتی دارایی بکەن بۆ وەرگرتنی وێنەیەک لە یاسای بودجەی کارپێکراو و ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە لە فەرمانگەی بودجە وەربگرن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەتوانن لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (١١ی شوباتی ٢٠١٩) و ڕۆژانی دواتر سەردانی وەزارەتی دارایی بکەن بۆ ئەو مەبەستە.

ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە سەرۆک کۆماری عێراق یاسای بودجەی فیدراڵیی ئەمساڵی پەسەندکرد.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی سێشەممە (٥ی شوباتی ٢٠١٩) لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی کردووە لەسەر پرۆگرامی حکومەت و لەلایەن سەرجەم ئامادەبووانەوە ئیمزاکرا، بۆئەوەی بکرێتە بەڵگەنامە بۆ جێبەجێکردنی بە وردەکارییەوە و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لە میدیاکانەوە بڵاودەکرێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەنجومەنی وەزیران میوانداریی لە تیمی بودجەی فیدراڵی کرد لە هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان و، گفتوگۆ کرا دەربارەی پەلەکردن لە دەرکردنی ڕێنمایی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩.

ع.م