سەردێڕ:

ئەو پەینەی داهاتووی کشتوکاڵ لە ئەفریقادا دەگۆڕێت

پەینی ئەندامی لە پاشماوە کشتوکاڵییەکان و پاشەرۆی پەلەوەر ئاژەڵ دروستدەکرێت
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-09

2649 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی بی بی سی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە لەسەر چۆنێتی دروستکردن و کاریگەریی پەینی ئەندامی لە وڵاتی مالاوی، کە بەهۆی گرانی پەینی کیمیایی، کە زۆر جار خێزانە جوتیارەکانی ئەو وڵاتە ناچارن بە هەموو ئەو داهات و سامانەی کە هەیانە لە کڕینی  پەینی کیمیاییدا خەرجی بکەن و، لە کۆتاییشدا دەستکەوتێکی ئەوتۆیان دەستنەکەوێت.

لە شاری بلانتایەر لە وڵاتی مالاوی ژمارەیەک جوتیار ڕیزبوون بە دەوروی چەند قەدێکی تەڕی ڕیزکراو لەگەڵ چەند تۆپەڵێک لە پاشەڕۆی مریشک کە لە شێوەی شەش پاڵودان، بەڵام ئەنجامی ئەو کارە ڕەنگە هاوکاربێت بۆ گۆڕانکاری لە داهاتووی هەموو کیشوەری ئەفریقادا.

دوای هەشت هەفتە لە ئەمدیواودیوکردنی بەردەوام، ئەو مادەیە هەڵدێت (ترشاندن) و دەبێتە پەینێکی ئەندامی بەسوود بۆ خاک و لە هەمان کاتدا هەرزان، کە لەوەدا کەمتر پشت دەبەسترێت بە پەینی کیمیایی گرانبەها و لە ئێستاشدا بەردەست نییە.

Image result for ‫السماد العضوي فی افرقیا‬‎

یۆهان ڤان دیرهام بەڕێوەبەری یەکێ لە کێڵگەکان دەڵێت، ئەو پەینە ئەندامییە بەرئەنجامی پرۆسەیەکی هەڵهاتنە (ترشاندنە) و، پشت دەبەستێت بە شێدارکردنی ناوبەناوی پەینەکە و ئەو گەرمییەی کە لە ئەنجامی کۆکردنەوە و بەسەریەکدا کەوتنی دروستدەبێت، پلانێکیش هەیە بۆ فێرکردنی جوتیارەکان سەبارەت بە چۆنێتی بەرهەمهێنان و پاشان بڵاوکردنەوەی.

ئامانج لەم تاقیکردنەوەیە دابینکردنی پەینی ئەندامییە بۆ جوتیار و کشتیارە بچووکەکان کە بە تەواوەتی پشت بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی خۆیان دەبەستن.

لەوبارەیەوە ڤان دیرهام دەڵێت، "ئەگەر ساڵێک بەرهەم و درەو نەبێت ئەو جوتیارانە دووچاری هەژاری و نەداری و برسێتی دەبنەوە، ئەوەش لە هەمووی خراپترە بەپیتکردنی کێڵگە و خاکەکەیانە، کە وەک شێوە جوانکارییەک سەیری ناکرێت، بەڵکو بابەتەکە بۆ ئەوان مردن و ژیانە."

پەینی داهاتوو:

زۆربەی خاکەکانی ئەفریقا گیرۆدەی بێ پیتین، بە درێژایی ملیۆنان ساڵ چینەکانی خاکی ئەو کیشوەرە دووچاری دیاردەی بەبیابانبوون هاتووە و زەوی ڕووتبووەتەوە، لە ناوچەکانی ئەفریقا لە باشوری بیابان، بەرهەمهێنانی گەنمەشامی بە شێوەیەکی بەرفراوان بووەتە مایەی لاوازبوونی زیاتری خاکەکە.

گژوگیای ناوچەکە پێویستی بە ئاو و تیشکی خۆر و هەوا هەیە، ئەوە سەرباری خۆراکەکانی خاک وەک نایترۆجین و پۆتاسیۆم و فۆسفۆڕ و چەندەها مادەی دیکە.

جوتیارەکانی ئەفریقا توانای قەرەبووکردنەوەی مادەی فۆسفۆڕی خاکەکەیان نییە، ئەو دۆخەش بەسەر هەموو دانیشتووانەکەدا جێبەجێ دەبێت، بەتایبەت لە وڵاتەکانی وەک مالاوی، کە ٨٠%ی کرێکارەکانی لە بواری کشتوکاڵدا کاردەکەن.

لەم کاتەشدا بەرهەمە کشتوکاڵییەکان مادەی فۆسفۆڕ لە دەستەی پەینی کیمیاییەوە بەدەستدەهێنێت، بەڵام دابینکردنی ئەو پەینە مەترسیی لەسەر دروستبووە، بەتایبەت دوای بەرزبوونەوەی بەرچاوی مادەی فۆسفۆڕ لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی مادە خامە بەردینەکەی فۆسفۆڕ، کە ٨٠٠% مادەکەی لێوە دەستدەکەوێت بۆ بواری کشتوکاڵی.

دانا کۆردیل توێژەر لە پەیمانگای داهاتووی بەردەوام لە زانکۆی سیدنی بۆ تەکنەلۆژیا و بەشدار لە دامەزراندنی دەستپێشخەری نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە لەسەر فۆسفۆڕ دەڵێت، "زۆرێک لەو شۆکەی دووچاری بووبوون هاتوونەتە سەر خۆیان، پێش ساڵی ٢٠٠٨ بە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەدەهات قەیرانێکی لەو شێوەیە ڕووبدات سەبارەت بە مادەی فۆسفۆڕ."

کۆردیل لە ئێستادا توێژینەوە دەکات لەسەر ئەو ڕێگەچارانەی کە وڵاتی مالاوی ڕووی تێدەکات بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەربەستەکانی کەمبوونەوەی ئەو مادەیە.

Image result for ‫السماد العضوي فی افرقیا‬‎

لەو کاتەوە چەندین توێژینەوە ئەنجامدراوە سەبارەت بە خەمڵاندنی بوونی مادەی فۆسفۆڕی بەردین لە جیهاندا، دەرئەنجامەکان جیاواز بوون، بە شێوەیەک هەندێک لە تویژینەوەکان ئاماژەیانکردووە بە کەمبوونەوەی دەرهێنانی مادەی فۆسفۆڕ دوای ٣٠ ساڵ، لەکاتێکدا توێژینەوەی دیکە هەیە ئاماژە دەکات بەوەی ئەو مادە بەردەستدەبێت تا  ٣٠٠ ساڵی دیکەش، بۆچوون و لێکدانەوەکانیش جیاوازن سەبارەت بە کاریگەری و بە پیتی ئەو مادە سەرەتاییە و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، چونکە زۆرێک لە بەرهەمهێنەرەکان لەبەر مەترسیی پێشبڕکێ زانیارییەکان دەشارنەوە.

تەنانەت ئەگەر مادەی فۆسفات بەشی چەند سەدەیەکیش بکات، کێشەی دیکە لەئارادایە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لە ناوچەیەکی دیاریکراوی جیهان زۆر چاو لەسەر ئەو مادەیەیە، لەوبارەیەوە کۆردیل دەڵێت، "لەکاتێکدا وڵاتان پێویستیانە و لە هەمان کاتدا جوتیارەکانیش پێویستیانە، ئەوا پێنج دەوڵەت بە تەنها کۆنترۆڵی ٨٨%ی یەدەگی ئەو مادەیەیان هەیە، بۆ نمونە وڵاتی مەغریب خاوەنی ٧٥%ی یەدەگی فۆسفاتی جیهانە، بەشێکی دیکەشی دەکەوێتە ناوچەی بیابانی خۆرئاوا."

کۆردیل پێیوایە، سەبارەت بە هاوردەکارەکانیش، ئەگەر چاو لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراوی جیهان بێت، دەبێتە مایەی بەرپابوونی چەندین کێشەی بازرگانی لە داهاتوویەکی نزیکدا، بەشێکیشی پەیوەندیی هەیە بە ئاسایشی نەتەوەییەوە لە داهاتوویەکی دووردا.

بە دڵنیاییەوە بۆ وڵاتێکی بچووکی وەک مالاوی دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت، بەتایبەت کە هیچ بەشێکی لەسەر دەریا نییە و بە تەواوەتی پشت دەبەستێت بە هاوردەکردن، ئەوەش بە گۆڕانکاریی نرخەکان لە بازاڕی نێودەوڵەتی کاریگەریی زیاتری لەسەر دروستدەبێت.

Image result for ‫السماد العضوي فی افرقیا‬‎

ئەوەی زیاتر دۆخەکەی خراپتر کردووە ئەوەیە، پێویستە لەسەر جوتیارەکان لە سەرەتای وەرزی کشتوکاڵەوە پەینی کیمیایی بکڕن، ئەو کاتە کاریگەرییەکانی وەک کەشوهەوا و ئافات و دەردە کشتوکاڵییەکان نازانرێت بە دیاریکراوی، ئەوەش بە مانای ئەوەیە کشتیار هەرچی داهاتێکی هەیە خەرجی دەکات بۆ کڕینی پەین، پاشانیش ئافات و دەردە کشتوکاڵییەکان دێت و بەرهەمەکەی دەخوات، بۆیە لەم کاتەدا کڕینی پەین وەک جۆرێک لە قومارکردن وایە بۆ ئەوان.

لە ساڵی ٢٠٠٥دا حکومەتی مالاوی دەستپێشخەرییەکی بۆ هاوکاریکردنی جوتیارەکانی کرد بۆ بەدەستهێنای پەین، ئەوەش بووە مایەی زیادبوونی بەرهەمی کشتوکاڵ لە ماوەی چەند ساڵی یەکەمی دەستپێشخەرییەکەدا، بەرلەوەی وەرزی دروێنە بگاتە ناوەندێکی جێگیر.

بۆیە لە ئێستادا ڕوونبووەتەوە چارەسەرکردنی کێشەی فۆسفات لە وڵاتی مالاوی زۆر لەوە زیاتری پێویستە کە تەنها وەک پەینێکی کیمیایی سەیربکرێت.

کیمیای پەینی ئەندامی:

خاکی مالاوی بەتایبەتی و بەشێکی زۆری ئەفریقا، باشوری ناوچەی بیابان شێوە ترشەڵۆکییە، ئەوەش بە مانای ئەوەی زۆربەی ئایۆناتی فۆسفات پەیوەستە بە خێرایی ئۆکسانی ئاسن یان ئەلەمنیۆم، بەرلەوەی کشتوکاڵ و ڕووەک سوودی لێ ببینێت، تەنانەت ئەگەر خاکەکە پەینی زۆری فۆسفاتی تێکەڵیش بکرێت، کشتوکاڵ ناتوانێت سوودی لێ ببینێت، ئەوەش بە مانای ئەوەی پێویستە پێکهاتەکانی خاکەکە گۆڕانکارییان بەسەردا بهێنرێت بەرلەوەی مادە بەپیتە کیمیاییەکانی بۆ زیادبکرێت.

بەڵام پەینی ئەندامی سەرکەوتوو دەبێت لەو شکستەی کە پەینی کیمیایی نەیتوانیوە چارەسەری بکات، چونکە پەینی ئەندامی بە تەنها مادەکانی وەک فۆسفۆڕ و مادە کیمیایی و ئەندامییەکانی دیکەی بۆ زیاد ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی زیادکردنی مادە ئەندامییەکانەوە، پێکهاتە و بەپیتی خاکەکەش هاوسەنگ دەکاتەوە.

Image result for ‫السماد العضوي فی افرقیا‬‎

ڤان دیرهام دەڵێت، خاکی باش و بەپیت بە تەنها بریتی نییە لە تێکەڵەیەک لە پەین و مادەی کیمیایی، بەڵکو پێکهاتووە لە سیستمێکی ژینگەیی زیندووش، کە پێویستە پارێزگاریی لێ بکرێت، ئەویش لە ڕێگەی دابینکردنی مادە ئەندامییەکان و وردە زیندەوەر و کەڕوو و کرم، کە چەندین ئەرکی جیاجیا لەناو خاکدا ئەنجامدەدەن، وەک شیکردنەوەی فۆسفۆڕ و مادەکانی تری ناو خاک بۆئەوەی ڕووەکان بتوانن بیمژن.

لەمیانی ڕاهێنانەکاندا ڤان دیرهام پرسیاری لە بەشداربووان کردووە دەربارەی ژمارەی دانیشتووانی مالاوی، بەشداربووەکانیش وتوویانە لە ئێستا ١٩ ملیۆن کەسن، ئەویش وەڵامی داونەتەوە بەوەی، کە وردە زیندەوەرەکانی ناو یەک کەوچک لە خاکەکەیان، زۆر زیاترە لە ژمارەی دانیشتووانەکەیان.

ڤان دیرهام لەخۆیەوە دەستیپێکرد، بۆ ماوەی شەش ساڵ بە هیچ شێوەیەک پەینی کیمیایی لەو کێڵگانەدا بەکارنەهێنا، کە ئەو لێپرسراوی بوو، تەنها مادەی فۆسفۆڕ و چەند مادەیەکی دیکەی بۆ خاکەکەی زیادکرد، لە ڕێگە پەینی سروشتی و پاشەڕۆی گیاندار و پاشماوەی ڕووەکەکان.

بەدەستهێنانی ئاسانە:

بیلی برای سەرۆکی لقی دەستەی "ویست"ی هۆڵەندی لە وڵاتی مالاوی، کە بایەخ دەدات بە تۆڕی ئاوەڕۆ و بەرهەمهێنانی پەینی ئەندامی و ڕزگاربوون لە پاشماوە زیانبەخشەکان لەو وڵاتە دەڵێت، لە سوودەکانی پەینی ئەندامی ئەگەر بەراوردبکرێت بە پەینی کیمیایی، بەدەستهێنای ئاسانە و داهاتیش گلدەداتەوە.

دەستەی ویستی هۆڵەندی هاریکاریی لێپرسراوە ناوخۆییەکان دەکات بۆ بنیاتنانی دامەزراوەی پێشەنگ بۆ چۆنێتی چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆ و لەوبارەیەوە بیلی برای دەڵێت، "دانیشتووانەکان هاندەدەین بۆ دروستکردن و فرۆشتنی پەینی ئەندامی بە ئامانجی بەدەستهینانی داهات و قازانج، ئەوەش لە کۆتاییدا پاڵنەر دەبێت بۆ زیادبوونی بەرکاهێنانی."

Image result for ‫السماد العضوي فی افرقیا‬‎

بابەتی هۆشیارکردنەوەکان لەو وڵاتە پێویستی بە هەوڵی زیاتر هەیە، لەوبارەیەوە ئیمانوێل کانجۆنجۆ لێپرسراوی تەندروستی و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی مالاوی دەڵێت، "بیر لەوە ناکەینەوە کاربکەین بۆ گێڕانەوەی بەپیتی بۆ خاکەکەمان لە ئێستادا، چونکە ئەوەندە کێشەی ڕۆژانەمان زۆرە، پێویستە لەسەرمان وەک لێپرسراو بیربکەینەوە بەرلەوەی قەیرانەکان بەرۆکمان بگرێت، نەک چاوەڕوانی ڕوودانی قەیران بکەین و پاشان مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، ئەگەرنا بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نابین، هەر لەبەر ئەوەیە پێویستە پلانی ١٠ ساڵی و تەنانەت پلانی ٣٠ ساڵی داهاتوومان هەبێت."

دامەزراوەی "ویست"ی هۆڵەندی  ساڵانە ئامانجی ئەوەیە بڕی هەزار تۆن پەینی ئەندامی بەرهەمبهێنێت، لەوبارەیەوە برای دەڵێت، لە سەرەتاوە بەکارهێنەرە بچووکەکان بەرهەمەکەمان لێ ناکڕن، بەڵام دواتر بە شوێنپێی جوتیارە گەورەکاندا دەڕۆن و بە بینینی ئەنجامەکەی ئەوانیش دێن بەشی خۆیان دەکڕن.

یۆهان سیکس پسپۆڕ لە سیستمی کشتوکاڵی بەردەوام و درێژخایەن لە زانکۆی "ئای تی ئێچ- زیورخ" دەڵێت، چارەسەرکردنی فۆسفات بە تەنها خۆی نابینێتەوە لە دۆزینەوەی تەکنیکی نوێ، بەڵکو  پێویستە پلانێک هەمەلایەنە هەبێت بۆ کەرتی کشتوکاڵی بەگشتی."

ئەو پسپۆڕە بە هاوکاریی هاوەڵەکانی لە ئێستادا توێژینەوە دەکەن لەسەر کاریگەریی خاک لە ڕێگەی بەکارهێنانی هۆکارە جیاوازەکانی کشتوکاڵەوە، لەڕووی جۆری بەرهەم و پاراستنی کشتوکاڵ و دارستانەکان، بەڵگەش هەیە بەکارهێنانی ئەو هۆکارانە هاوکاردەبێت بۆ نوێکردنەوەی هاوسەنگی خاک.

تا ماوەیەکی کورتی لەمەوبەر، بەزۆری بایەخ دەدرا بە مادەکانی نایترۆجین و کاربۆن و مادەی فۆسفۆڕ پشتگوێخرابوو، ئەویش بەهۆی ئەوەی بەردەستنەبوو، بەڵام دۆخەکە خەریکە دەگۆڕێت و زانایان توێژینەوە دەکەن لەسەر کاریگەریی فۆسفۆڕ لەسەر خاک و فراوانکردنی بوارەکانی سوودوەرگرتن لەو هۆکارانەی لەبەردەستدان.

مالاوی، یاخود کۆماری مەلاوی، دەوڵەتێکە دەکەوێتە باشوری خۆرهەڵاتی کیشوەری ئەفریقاوە، پێشتر بە "نیاسالاند" ناسراوبووە. لە باکوری خۆرئاواوە وڵاتی تەنزانیا هاوسێیەتی و لە خۆرهەڵات و باشور و خۆرئاواوە وڵاتی مۆزەمبیق. پێوانەی خاکەکەی ١١٨ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ١٩ ملیۆنە کەسە، پایتەختەکەی ناوی "لیلۆنگوی"یە.

لە ساڵی ١٩٦٤ سەربەخۆیی لە بەریتانیا وەرگرتووە، داهاتەکەی ساڵانەی زیاتر لە ٢١ ملیار دۆلارە و داهاتی تاک لە ساڵێکدا هەزار و ١٧٢ دۆلارە.

ع.م

Image result for ‫خريطة ملاوي‬‎

شوێنی ولاتی مەلاوی لە نەخشە کیشوەری ئەفریقادا