سەردێڕ:

ئەمریکا ئاماری سەربازە کوژراو و بریندارەکانی لە عێراق و سوریا ئاشکراکرد

یەکەیەکی سوپای ئەمریکا لە عێراق لە کاتی گەڕان و پشکنیندا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-09

5561 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سەرژمێریی زیانە گیانییەکانی هێزە سەربازییەکانی خۆی لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ لە عێراق و سوریا بڵاوکردەوە.

جەیسیکا ماکسویل وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی عێراقدا ٤ هەزار و ٣٨٤ سەربازی ئەمریکا کوژراون و ٣٢ هەزار و ١٨٠ سەربازی دیکەش برینداربوون.

سەبارەت بە سوریاش ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری ڕایگەیاند، شەش سەربازی ئەمریکا لەکاتی ئۆپراسیۆنەکاندا کوژراون و ٢٨ سەربازی دیکەش برینداربوون.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و داگیرکردنی عێراق لەلایەن سوپای ئەمریکاوە، ئەو هێزانە ڕووبەڕووی هێرش و تەقینەوەی چڕوپڕ بوونەوە لەسەر دەستی گروپە چەکدارە جیاجیاکانی ناوخۆیی عێراق، بەتایبەت ڕێکخراوی قاعیدە.

لە شەشی ئەم مانگەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەوڵەتانی هاوپەیمانان توانیویانە تۆڕی ڕێکخراوی داعش لەناوبەرن، بەڵام هێشتا پاشماوەکانی ئەو ڕێکخراوە جێگەی مەترسین، بۆیە دوای لەناوبردنی تەواوەتی ئەو ڕێکخراوە هێزەکانی وڵاتەکەی دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

لێدوانەکانیش سەبارەت بە مانەوەیان لە عێراق بۆ چاودێریکردنی ئێران و بوونی بنکەیەکی سەربازیی بەهێز، بووە مایەی توڕەیی و نیگەرانی ژمارەیەک لە هێز و گروپەکانی ناو عێراق، بە شێوەیەک هەندێک لایەن داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایان کرد و، لە ئێستاشدا کار لەسەر ئەوە دەکرێت پرۆژە یاسایەک بخرێتە بەردەمی پەرلەمان بۆ پەسەندکردن و کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.

ع.م