سەردێڕ:

سیستانى داوایەکى سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق رەتدەکاتەوە

عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-09

8973 جار خوێندراوەتەوە

عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکان سێ داواکاریی سەرۆکایەتییەکانى کۆمار و وەزیران و پەڕلەمانى عێراقی ڕەتکردووەتەوە بۆ سەردانى ماڵەکەى لە نەجەف و ئەو هەنگاوەى پەیوەستکردووە بە هاتنەدى گۆڕانکاریی لە دۆخى ژیانى عێراقییەکان.

رۆژنامەى ئەخبارى لوبنانى نزیک لە تاران لە ژمارەى رۆژى شەممە (٩ شوباتى ٢٠١٩) بڵاویکردەوە کە هەریەک لەسەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح و سەرۆک وەزیرانى عادل عەبدولمەهدى و سەرۆکى پەڕلەمان محەمەد حەلبوسى لەگەڵ دەستبەکاربوونیاندا داواى دیدارى "سیستانی" یان کردووە لە نەجەف بەمەبەستى قایمکردنى پێگە و شەرعیەتى خۆیان "بەڵام وەڵامەکەیان بێهیواکەر بووە" چونکە مەرجەعیەت پۆزشى هێناوەتەوە لە پێشوازى لێکردنیان.

بەپێى شیکارى رۆژنامەکە کە لەناوەندە شیعییەکانەوە نزیکە، مەرجەعیەت بۆ کردنەوەى دەرگا بەڕووى سەرۆکایەتییەکاندا کە لە ٢٠١١ وە دایخستووە داواى گۆڕانکاریی جددى و هەستپێکراو دەکات لەژیانى عێراقییەکان.

هەر بەپێى سەرچاوەکانى رۆژنامەکە مۆڵەتى مەرجەعیەتى سیستانى بۆ سەرۆکایەتییەکان کەمترە لەوەى سەدر و هادى عامرى بۆ ئەم خولە پەڕلەمانییە دایانناوە و سیستانى لاى میوانەکانى بەچڕى جەختى لە دوو تەوەرە کردوەتەوە کە ئەوانیش باشبوونى خزمەتگوزارییەکانن بەجۆرێک خەڵک رازى بکەن لەگەڵ بەرەنگاربونەوەى گەندەڵى و لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران.

لەسەردەمى کابینەى دووەمى نورى مالیکییەوە لە ٢٠١١، سیستانى پێشوازى لە هیچ سەرۆکایەتى و وەزیرێکى عێراقى نەکردووە لە ماڵەکەى خۆى لە نەجەف وەک نیشانەیەک لەسەر ناڕەزایی لەئەدایان، بە پێچەوانەى ئەمەشەوە بەم دواییانە دیدار و کۆبونەوەى لەگەڵ بەرپرسى هەندێ رێکخراوى فریاگوزارى نێودەوڵەتى و نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەعێراق جنین بلاسخارت ئەنجامداوە و لەکۆتایی دیدارەکانیشیدا نوسینگەکەى بەیاننامەى دەکردووە و بۆچوونە سیاسییەکانى مەرجەعى باڵاى شیعەى خستۆتەڕوو.

ع.ا