سەردێڕ:

کازم ساهر هۆکاری گۆڕینی نازناوەکەی ئاشکرا کرد

کازم ساهر
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-02-09

21416 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاری دەستبەرداربوونی کازم ساهر لە نازناوەکەی گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامەی گشتی بەغدا، ئەم هونەرمەندە ڕوونکردنەوەیەکی داوە لەبارەی هۆکاری گۆڕینی نازناوەکەی، بەتایبەت پاش ئەوەی کەسانێكی زۆر ڕەخنەیان لەم هەنگاوە گرتووە.

لە نامەیەکی دەنگیدا کە ئەم هونەرمەندە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویکردووەتەوە دەڵێت: ناوی ئەو لە فایلی گشتیدا کازم جەبار ئیبراهیم سامەرائی-یە، بەڵام لە ڕەگەزنامەی باری شارستانیدا تەنها ناوی کازم جەبار ئیبراهیم-ە، لە کتابی فەرمی دەرەوەی وڵاتیشدا ناوی کازم ئەلساهرە، ئەم لێكنەچوونی نازناوانە وایکردووە کە توشی کێشەی زۆر ببێت لە دەرەوەی وڵات.

هەر بە هۆیەوە زۆرینەی کاروبارە فەرمییەکانی ماوەی ساڵێکە وەستاوە، بۆیە ناچاربووە بە نوسراوی فەرمی داوا بکات لە باڵیۆزخانەی عێراق تا بیسەلمێنێت کازم جەبار ئیبراهیم هەر کازم جەبار ساهرە و کەسێکی دیکە نییە.

وتیشی: خۆشەویستانم من مەبەستم هیچ کارێکی ناشیرین نییە و لە بیرم نەکردووە کە لە کوێوە هاتووم، بەردی موسڵ بێت یان شاری حورییەبێت لە بەغدا، من کوڕی جەبار و نورییە عەلیم".

من هەموو کات کازم جەبار ئیبراهیم سامەرائی بوم و هەر واش دەبن، بە دڵ و ڕۆحەوە و شانازی بە هۆزەکەم و هەموو هۆزەکانی عێراقەوە دەکەم، من کوڕی عێراقم و بە هەموو شانازییەوە ئەمە دەڵێم، ئەمەش شەرەفێکە بۆ من کە دەزانم بەم جۆرە گرنگیم پێدەدەن.

لە کۆتاییدا وتیشی: داوای لێبوردن دەکەم ئەگەر ئەم بابەتە بووبێتە هۆی ئازار بۆ هەر کەسێك، ئەمە تەنها حیبرێکە لەسەر کاغەز و من کوڕی دۆڵی دوزێم، لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیمدا.

کازم ساهر گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و میوزیکژەن و ھۆنراوەنووسی عێراقییە، لە ٢ی ئەیلولی ١٩٥٧ لە شاری موسڵ لە عێراق لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٨٤ یەکەمین ئەلبوومی گۆرانیی دەرکرد بە ناوی داری زەیتوون (شجرة الزیتون) و، خاوەنی چەندین ئەلبوم و ڤیدیۆ کلیپە، لەلایەن هەوادارەکانییەوە بە "قەیسەر" ناسراوە، بۆ یەکەمجار لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا هاوسەرگیریی کردووە لەگەڵ ئامۆزایەکی، دوای بوون بە خاوەنی دوو کوڕ لێی جیابوویەوە، هەر خۆیشی هۆکارەکەی بۆ کەمی تەمەن و پێنەگەشتن گەڕاندبووەوە، لە ئێستاشدا لەگەڵ سارە مەقنی دەستگیراندارە.

ئـ. فـ