سەردێڕ:

میدیا جیھانییەکان.. حکومەتی ئێران لە ماوەی ٣٠ ساڵدا ٨٦٠ رۆژنامەنوسی دەستگیرکردووە و بەشێکیان لەسێدارەدراون

میدیا جیھانییەکان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-09

358 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز نوسیویەتی، کۆمسیۆنی ئەوروپا پلانی هەیە سعودیە بخاتە لیستی ئەو وڵاتانەی شکستیهێناوە لە ڕێگریکردن لە دەستەبەرکردنی دارایی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارەدا، بە گوێرەی رۆژنامەکە یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت سعودیە و دوورگەکانی کاریبیان و وڵاتی پاناما بخاتە ئەو لیستەوە کە لە ١٦ وڵات لە خۆیدەگرێت، کە لەنێویاندا عێراقی تێدایە.

++++

ماڵپەڕی ڕوسیا تودەی نوسیویەتی، بە گوێرەی بەڵگەنامەیەک کە دەست ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور کەوتووە، حکومەتی ئێران لە ماوەی ٣٠ ساڵدا ٨٦٠ رۆژنامەنوسی زیندانی یان دەستگیرکردووە و بەشێکیشیان لەسێدارەدراون. بەڵگەنامەکان دەربارەی ئەو کەیسانەن کە لە ساڵانی نێوان ١٩٧٩ بۆ ٢٠٠٩ تۆمارکراون، و رێکخراوەکەش دەڵێت زانیارییەکان رادەستی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن بۆ ئەوەی ئێران بەرپرسیارێتی ئەو سزایانە بگرێتە ئەستۆ.

+++

ماڵپەڕی سی ئێن بی سی ئەمریکی ئاماژە بە تویتێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە ڕایگەیاندووە ٢٧ و ٢٨ی ئەم مانگە لە شاری هانۆی ڤێتنام بۆ دووەم جار لەگەڵ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور کۆدەبێتەوە. ترەمپ رایگەیاندووە، ئەگەر هەردوولا پابەندبین بەرەوپێشچوونی باش لە دانوستانی نێوان دوو وڵاتەکەماندا روودەدات هاوکات ستایشی کیم جۆنیشی کردووە و بە کەسێکی بەتوانا ناویبردووە.

++++

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی ئاماژە بەوەدەکات، هەرزەکارێکی تەمەن ١٤ ساڵی ئەمریکی کەلێنێکی ئەمنی لە ئەپی فەیس تایمی بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵدا دۆزیووەتەوە کە ئەپەکە بۆ پەیوەندی ڤیدیۆیی بەکاردەهێندرێت، دوای ئەوەش کۆمپانیای ئەپڵ ڕایگەیاند پاداشتی هەرزەکارەکە دەکەن لەبەرامبەر دۆزینەوەی ئەو کەموکورتیەدا بەوەی هاوکاردەبن لە خەرجی خوێندنەکەیدا.

+++

ماڵپەڕی گڵۆباڵ نیوزی کەنەدی باس لەوەدەکات، حاڵەتەکانی نەخۆشی سورێژە لە ئەوروپا، بەرزترین ئاستی لە ١٠ رابردوودا تۆمارکردووە، ماڵپەڕەکە بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایکردووە، ساڵی رابردوو حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە لە ئەوروپا سێ هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە نزیکەی ٨٣ هەزار حاڵەت.

ئـ. فـ