سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. هۆزێكی عێراقی هەڕەشەی بەرپاكردنی شۆڕش لە دژی حکومەت دەكەن

فۆتۆ: ئەرشیف
2019-02-08

29041 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی دوای ڕەخنەگرتن لە ئێران، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەستگیرکرا و هۆزەکەشی مۆڵەتی ٢٤ کاتژمێریان داوە بۆ ئازادکردنی.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە ئەمڕۆ هەینی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بڵاوکراوەتەوە یەکێک لە شێخەکانی خەفاجە دەڵێت ئەگەر هەتا سبەی ئەوس ئەلخەفاجی ئازاد نەکرێت، ئەوا شۆڕشێک بەرپادەکەن بە هاوشێوەی شۆڕشەکەی ساڵی ١٩٢٠ی دژی بەریتانیـیەکان بێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئاسایشی حەشدی شەعبی بەرپـرسیارێتی خۆی لە دەستگیرکردنی خەفاجی ڕاگەیاندووە و لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی هێزێکی ئاسایشی حەشد داویانە بەسەر چوار بارەگای ساختە کە خۆیان بە حەشەد ناساندووە و هەموو ئەو کەسانەی لە نێو ئەو بارەگایانەدابوون دەستگیرکراون. یەک لەوانە بارەگای چواری لیوای ئەبو فەزڵ ئەلعەباس ئەوەی ئەوس ئەلخەفاجی بەڕێوەی‌دەبات.

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پـرێس بڵاویکردووەتەوە، کاربەدەستێک لە حەشدی شەعبی ئەمڕۆ هەینی بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، دەستگیرکردنەکەی خەفاجی لەسەر ڕەخنەگرتنی بووە لە دەستێوەردانی ئێران.

ئەمەش لەکاتێکدایە، خەفاجی پـێشتر لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئاسیا ڕایگەیاندبوو" وەک چۆن ڕەخنە لە بوونی ئەمەریکا و تورکیا لە عێراق دەگیرێت، دەبێت وەهاش ڕەخنە لە دەستێوەردانی ئێرانیش بگیرێت".

ئـ. فـ

‌بەپەلە