سەردێڕ:

لە پەرلەمانی دانیمارک کۆنفرانسێکی تایبەت بە کورد بەڕێوەچوو

فۆتۆ: 
2019-02-08

1765 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، گۆران هەڵەبجەیی، دانیمارک

لە یەکێک لە هۆڵەکانی پەرلەمانی دانیمارک دوێنی پێنجشەممە (٧ی شوباتی ٢٠١٩) کۆنفرانسێکی چەند کاتژمێری دەربارەی کورد بەڕێوەچوو، بە ناونیشانی پرۆسەی ئاشتی و مەسەلەی مافی مرۆڤ لە سایەی ململانێی هیزەکانی ئەمەریکا، کوردەکان و تورکیا، لەسەر خاکی سوریا بەڕێوەچوو.

لە کۆنفرانسەکەداهەریەکە لە تایگی ترایر بابەتێکی پێشکەشکرد بە ناوی "دۆخی مافی مرۆڤی کورد و هاوڵاتییانی دیکە لە تورکیا و باکووری سوریا"، پاشان مەحمود ساکار پارێزەری پێشووی عەبدوڵا ئۆجەلان بابەتێکی پێشکەشکرد بە ناوی " بارودۆخی سەرکردەی سیاسیی کورد، ئۆجەلان و سەرکردە سیاسییەکانی دیکەی کورد لە بەندیخانەی تورکیا."

هەر لە کۆنفرانسەکەدا بابەتی، "کار و چالاکییەکانی کۆمیتەکە پەیوەست بە ئازادکردنی ئۆجەلان" لەلایەن ڕیمایەر هیدەر نووسەر و وەرگێڕی ئەڵمانی  پێشکەشکرا، کە ناوبراو دامەزرێنەری کۆمیتەی ئازادییە بۆ ئۆجەلان.

پاشان لەلایەن میشێل ئەسترۆپ جێنس ئەندامی پەرلەمانی دانیمارک، بابەتێک پێشکەشکرا بە ناونیشانی "ئەوروپا و ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا چی پێدەکرێت بۆ چاککردنی دۆخی کورد لە تورکیا و سوریادا؟"

لە تەوەرێکی دیکەی کۆنفرانسەکەی تایبەت بە کورد کە لە پەرلەمانی دانیمارک پێشکەش کرا، بابەتێک لەلایەن هۆلۆگر نیلسۆنەوە پێشکەشکرا، کە پێشتر وەزیری دەرەوەی دانیمارک بووە، بە ناونیشانی "پەرلەمان و حکومەتی دانمارک چییان پێدەکرێت بۆ پشتگیریی کوردەکان لەم هەلومەرجەدا؟"

ئەم کەسایەتییە یەکێک لە دۆستە دێرینەکانی کوردە و بەهۆی ئەو هاوسۆزی و پشتیوانییەوە لە کورد، سەردانی تورکیای لێ قەدەغە کراوە.

ئەو ناوەندانەی دانیمارک کە پشتگیرییان لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسە کردووە، زۆربەیان تۆڕێکی جیهانییان هەیە کە ئامانجیان بەگەڕخستنی ئەزموون و تواناکانی خۆیانە بۆ هاوکاریکردنی هەر لایەن و حکومەتەکان و گرنگی زیاتر بە کێشە نێودەوڵەتییەکان.

یەکێک لەوانە، کوردیش فۆرم، کە پێکهاتووە لە ناوەندێکی دانیمارکی – کوردی، لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دامەزراوە و نزیکەی ٢٠ کەسایەتی سیاسی و ئەندام پەرلەمانی دانیمارکی لە خولە جیاجیاکاندا پشتگیریی ئەم ناوەندە دەکەن، ساڵانە چەندین چالاکی بۆ پشتگیریی کورد ئەنجامدەدەن.

ع.م