سەردێڕ:

ژنێک بە ڕێگەیەکی ئاسان ٥٦ کیلۆی لە کێشی دابەزاند

فۆتۆ: میدیاکان
2019-02-08

94103 جار خوێندراوەتەوە

ژنێک بە پەیڕەوکردنی چەند هەنگاوێکی ئاسان توانی ببێتە خاوەنی جەستەیەکی ڕێک و ٥٦ کیلۆ لە کێشی دابەزێنێت.

قەڵەوی یەکێکە لە کێشە باوەکان، کە زۆر کەس ئارەزووی دابەزاندنی کێشیان دەکەن، ئەوەش کارێکی ئاسان نییە، جگە لە وەرزشکردن و پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی توند، ورە و ئیرادەی بەهێز هۆکارێکی تری دابەزاندنی کێشی لەشە، وەکو ئەم ژنە ئوسترالییە، کە لە ماوەی ١٤ مانگدا توانی ٥٦ کیلۆ لە کێشی دابەزێنێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "زە ئیبۆش تایمز" کیلی دیلیتی دایکی سێ منداڵە و توانی لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا ٥٦ کیلۆ لە کێشی دابەزێنێت، ئەویش بە پەیڕەوکردنی کۆمەڵێک هەنگاوی ڕێکخرا و سیستمێکی خۆراکیی ئاسان.

کیلی ڕایگەیاند، وازی لە خووەکانی پێشووی نانخواردنی هێناوە، وەکو خواردنە خێراکان، لە یەکەم هەنگاوی دابەزاندنی کێشیدا بڕی خواردنی هەمبەرگر و پەتاتەی سورەوەکراوی کەمکردووەتەوە.

لە هەنگاوی دواتردا خواردنەوە گازییەکانی گۆڕیوە بۆ شیر، بڕی خواردنەوەی ئاوی زیادکردووە، ئەوەش بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی شەکر لە خوێندا.

کیلی بەردەوامبووە لەسەر گۆڕینی جۆری خواردنەکانی و لەبری برنجی سپی دەستیکردووە بە خواردنی برنجی بۆر، لەگەڵ ئەنجامدانی جوڵەی وەرزشی بۆ تواندنەوەی چەورییەکانی دەوری ورگ و کەمەری.

شارەزایانی بواری خۆراک ئاشکرایدەکەن، زۆربەی ئەو کەسانەی کە پەیڕەوی سیستمی خۆراکی توند دەکەن بۆ دابەزاندنی کیسی لەشیان، زوو پاشگەز دەبنەوە؛ چونکە ڕووبەڕووی لاوازی و فشەڵبوونی ماسولکەکان دەبنەوە.

ئەو جۆرە سیستمەی خۆراک، کە کیلی پەیڕەویکردووە، بە جۆرێکی ڕێکخراو بووە کە زیانی بە تەندروستی نەگەیاندووە و، کێشی جەستەیی دابەزاندووە، لە ژەمی بەیانیاندا دوو هێلکە لەگەڵ شۆڤان و تووی خواردووە، لە ژەمی نیوەڕوانیشدا زەڵاتەی سەوزە لەگەڵ ماسی توونە و مریشک بووە.

لە ژەمی ئێواراندا کیلی ماسیی ئامادەکراو بە شێوەی هەڵمی "ماسیی پیشێنراو"ی خواردووە لەگەڵ سەوزەوات، لە کۆتایی ڕۆژەکەشدا گوێزەر و کەرەی بستە.

ئـ. فـ