سەردێڕ:

ئێران ڕێککەوتنی پێدانی کارەبای بە عێراق درێژکردەوە

بەغدا بڕی دوو ملیار دۆلاری کارەبا قەرزارە
عێراق بڕی ٢ ملیار دۆلاری کارەبای ئێران قەرزارە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-08

951 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای ئێران ڕێککەوتنی پێدانی وزەی کارەبای بۆ عێراق درێژکردەوە و هەردوولاش لەسەر خشتەی ئەو قەرزە پێکهاتن، کە لەسەر عێراق کەڵەکە بووە و بڕەکەی دوو ملیار دۆلارە.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی کارەبای ئێران ئەمڕۆ هەینی (٨ی شوباتی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، کۆمپانیای تافانیر بۆ بواری کارەبا، کە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت، ڕێککەوتنی وزەی کارەبای بۆ عێراق بە بڕی هەزار و ٢٠٠ وات درێژکردەوە.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، هەردوو وڵات لە تاران ڕێککەوتوون سەبارەت بە بەرهەمهێنان و ناردنە دەرەوەی کارەبا بۆ عێراق.

ڕەزا ئەردەکانیان وەزیری کارەبای ئێران لەکاتی مەراسیمی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەدا ڕایگەیاند، خشتەیەک بۆ بژاردنەوەی قەرزەکانی تاران لەسەر بەغدا دانراوە، بێئەوەی هیچ وردەکارییەکی شێوازی پێدانەوەی ئەو قەرزە ئاشکرا بکات.

پێشتریش وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاندبوو، عێراق بە بڕی دوو ملیار دۆلار قەرزاری وڵاتەکەیەتی لە بری پێدانی غازی سروشتی و کارەبا.

لەکاتی سەپاندنەوەی گەمارۆکان بەسەر ئێراندا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، عێراق بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ چاوپۆشی لێکرا بۆئەوەی بتوانێت غاز و وزەی کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بکات.

ع.م