سەردێڕ:

کازم ساهر بە شێوەیەکی فەرمی دەستبەرداری نازناوەکەی دەبێت

کازم ساهر
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-08

11730 جار خوێندراوەتەوە

گۆرانیبێژی دیاری عەرەب کازم ساهر دەستبەرداری نازناوەکەی دەبێت و، بڕیاری دەستبەرداربوونەکەی گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامەی گشتی لە بەغدا.

هەیسەم فازیڵ غەرباوی بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی گشتی لە بەغدا ڕایگەیاند، دوای ڕازیبوونی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە داواکارییەکەی کازم ساهر بۆ گۆڕینی نازناوەکەی، ڕۆژی پێنجشەممە داواکارییەکە گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان.

بەپێی لێدوانەکەی هەیسەم بۆ سۆمەرییە نیوز، "لەڕێگەی پارێزەرەکەی کازم ساهرەوە وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەندیی دەربڕیوە بە گۆڕینی نازناوی سامەڕائی بۆ ساهر."

هەیسەم ئاشکرایکرد، داواکاریی گۆڕینی نازناوەکە گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی عێراقی، لە ئێستاشدا سەرقاڵی تەواوکردنی کارەکانی ئەو داواکارییەن.

تاریق حەرب پسپۆڕی یاسایی عێراقی ڕونیکردەوە، ئەو داوایەی ساهیر دەچێتە ژێر باری مادەی ٢٢ لەیاسای پێناسی باری شارستانی ژمارە ٣ ساڵی ٢٠١٦ كە تایبەتە بەگۆڕینی نازناوی خێزان و بەخێوكاری ماڵ، كارێكی رێگە پێدراوە ئەگەر پاساودار بێت و بەداوایەكی نوسراو بێت، لەپاش رێككارەكانیش فەرمانگەی رەگەزنامە و باری شارستانی داواكە لەرۆژنامەیەك بڵاو دەكاتەوەو دوو هەفتە پاش لاری نەبوونی كەس كارەكە ئەنجام دەدات.

کازم ساهر گۆرانیبێژ و ئاوازدانەر و میوزیکژەن و ھۆنراوەنووسی عێراقـییە، لە ٢ی ئەیلولی ١٩٥٧ لە شاری موسڵ لە عێراق لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٨٤ یەکەمین ئەلبوومی گۆرانیی دەرکرد بە ناوی داری زەیتوون (شجرة الزیتون) و، خاوەنی چەندین ئەلبوم و ڤیدیۆ کلیپە، لەلایەن هەوادارەکانییەوە بە "قەیسەر" ناسراوە، بۆ یەکەمجار لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا هاوسەرگیریی کردووە لەگەڵ ئامۆزایەکی، دوای بوون بە خاوەنی دوو کوڕ لێی جیابوویەوە، هەر خۆشی هۆکارەکەی بۆ کەمی تەمەن و پێنەگەشتن گەڕاندبووەوە، لە ئێستاشدا لەگەڵ سارە مەقنی دەستگیراندارە.

د.ن