سەردێڕ:

لەمەودوا لە بری فۆڕم کارتی زیرەک بۆ وەرگرتنی خۆراک بەکاردەهێنرێت

لە رێگەى ئامێرێکى زیرەکەوە کۆنترۆڵدەکرێت
فۆتۆ: 
2019-02-08

2609 جار خوێندراوەتەوە

لە گەڵ ئەوەی لە ڕابردوودا فۆڕمی خۆراک بەکاردەهێنرا بۆ وەرگرتنی خۆراک، بەڵام لە ئێستادا حکومەتی عێراق بڕیاریداوە، لەبری فۆڕم کارتێکی زیرەک دابنرێت بۆ وەرگرتنی خۆراک.

ساڵی ڕابردوو لەلای بریکارێکی خۆراک لە شاری کەربەلا بەکارهێنانی کارتی زیرەک تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتوو بووە، ئێستاش پرۆسەی گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ کارتی زیرەک لە بەغدا دەستیپێکردووە، بڕیاریشە لەم مانگەدا پرۆسەکە لەلای بریکارێکی خۆراک لە دهۆک تاقیبکرێتەوە.

لە کارتە زیرەکەکەدا ناوی سەرجەم زانیاری ئەندامانی خێزانەکە تۆماردەکرێت و لەلای بریکارەکەش ئامێرێک دادەنرێت، کە کارتەکە دەدرێت لە ئامێرەکە، سەرجەم زانیارییەکانی ئەنجدامانی خێزانەکە دەخاتەڕوو، ئامێرەکەش پەیوەندی دەبێت بە سەنتەری بازرگانی عێراقەوە.

لە ئێستادا مانگانە، ئارد و برنج و شەکر و ڕۆن دابەشدەکرێت، ساڵی ڕابردوو بڕیاردرا مانگانە شیر دابەشبکرێت، بەڵام تائێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

هەر لە ساڵی ڕابردوودا، برنج و شەکر و ڕۆنی شەش مانگ و ئاردی هەشت مانگ دابەشکراوە و بەشەخۆراکی مانگەکانی دیکە دابەش نەکراوە.

لە سیستمی کارتی زیرەکدا بۆ دابەشكردنی خۆراک، بڕیاری پێنەدانی بەشەخۆراک بەو سەرۆک خێزانانەی کە مووچەکانیان زیاترە لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دینار وەک خۆی دەمێنێتەوە.

بەشێک لە هاوڵاتیانیش باس لەوە دەکەن، کوالێتی خۆراکەکان باش نییە و دەیانفرۆشنەوە.

ساڵانە عێراق، بودجەی دابینکراو بۆ بەشەخۆراکی مانگانە کەمدەکاتەوە، بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، یەک ملیۆن و ١٦٣ هەزار و ٧٤٧ خێزان فۆڕمی خۆراکیان هەیە، کە زیاتر ٤٨٩ هەزاریان لە سلێمانی و ٤٣٦ هەزاریان لە هەولێر و ٢٤٧ هەزاریان لە دهۆکن.