سەردێڕ:

هاوپەیمانی ​فەتح و سائيرون لەسەر دەرکردنی سوپاى ئەمریکا لە عێراق ڕێکدەکەون

فۆتۆ: 
2019-02-07

1549 جار خوێندراوەتەوە

هەردوو هاوپەیمانیی فەتحى حەشدى شەعبى و سائیرونى موقتەدا سەدر لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون دیدگاى خۆیان لەبارەى پێویستیی چوونە دەرەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق یەکبخەن و، پرۆژە یاسایەکیش بۆ ئەم مەبەستە بخەنە بەردەم تاوتوێکردن.

بەپێى زانیارییەکانى ڕۆژنامەى ئەخبارى لوبنانى نزیک لە تاران، کە پێنجشەممە ٧ی شوباتى ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە، هەردوو هاوپەیمانێتیی ڕکابەرى فەتحى گروپەکانى حەشدى شەعبى (٤٧ کورسى) و سائیرونى ڕێبەرى ئاینى شیعە موقتەدا سەدر (٥٤ کورسى)، لە دوا کۆبوونەوەى خۆیاندا لەسەر پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەش ڕێککەوتوون کە ئەرکى سەرەکیی یەکخستنى سەرنج و دیدگای هەردوولایە لەبارەى هەڵبژاردنى چاوەڕوانکراوى ئەنجومەنى پارێزگاکان و، تاوتوێکردنى پرۆژە یاسایەک بۆ کۆتاییهێنان بە بڵاوبوونەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق.

بەپێى زانیارییەکانى ڕۆژنامە شیعییەکە، دانوستانى هەردوولا، کە بە سەرپەرشتیی هادى عامرى و موقتەدا سەدر بەڕێوەدەچێت، بە ڕێژەى ٩٠% گەشتووەتە ئەنجام لەبارەى پێویستیی پاڵپشتیکردن لە پرۆژە یاسایەک بەناوى "کۆتاییهێنان بە بڵاوبوونەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق"، لەسەر وردەکارى و چۆنێتى داڕشتنى ئەم یاسایەش هەنگاوى گەورەیان بڕیوە.

لە پاش لێدوانەکەى ترەمپەوە لەسەر بەکارهێنانى خاکى عێراق بۆ چاودێریکردنى ئێران لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە، جموجوڵى هێزە شیعییەکان لەپێناو سنوردانان بە جموجوڵى سوپاى ئەمریکا لە عێراق چڕتر بووەتەوە و، لەلاى خۆشییەوە سەرۆک وەزیرانى عێراق عادل عەبدولمەهدى داواى پاشگەزبوونەوەى ئەمریکاى کرد لەو لێدوانانە.

بەپێى لێدوانى فەرمیی لایەنە ئەمریکییەکان، ژمارەى سەربازەکانیان لە عێراق لە سنورى پێنج هەزاردایە، بەڵام هەندێ ئامار باسى هەشت هەزار دەکەن و بەشى زۆری ئەوانەش بە ناونیشانى ڕاهێنەر و ڕاوێژکار لە سەردەمى شەڕى داعشدا هاتوونە عێراق، بەم دواییانەش ژمارەیەکى زۆرى سەربازى ئەمریکى لە سوریاوە بەرەو عێراق جوڵەى پێ کراوە.