سەردێڕ:

ئەیاد عەلاوی لەبەردەم هەڕەشەى دوورخستنەوەدایە لە پەرلەمان

ئەیاد عەلاوی سەرۆکى لیستى نیشتمانى
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-07

1714 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاگاداری سەرۆکى لیستى نیشتمانى ئەیاد عەلاوی کردووەتەوە لە ئەگەری زیاتربوونی ئامادەنەبوونەکانیدا لە پەرلەمانی عێراق ئەوە بەپێى رێککارەکان رووبەڕووى دوورخستنەوە دەبێتەوە.

بەپێی نوسراوێکى سەرۆکایەتى پەرلەمان کە بەرواری (٦ی شوباتی ٢٠١٩)ی لەسەرە و دەست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کەوتووە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاگاداری سەرۆکى هاوپەیمانێتى نیشتمانى ئەیاد عەلاوی کردووەتەوە دەربارەی زۆری رێژەی ئامادەنەبوونەکانی لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا و لە ئەگەری تێپەڕبوونی ئامادەنەبوونەکانیدا ئەوە رووبەڕووى رێکارەکان دەبێتەوە کە سەرەنجامى کۆتاییهێنانە بە ئەندامێتى پەڕلەمان.

ئاگادارییەکەی محەمەد حەلبوسی پشتی بە مادەی ١١ی یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠١٨ی (یاسای پەرلەمان و رێکخستنەوەی) بەستووە.

لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، پێویستە پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان و لیژنەکانی بێت و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی ئامادەنەبوونەکانی بە پێنج جاری لەسەر یەک یان ١٠ جاری پچڕ پچڕ لە وەرزی یاساداناندا ئەوا ئاگاداری بۆ دەنردرێت.

لە ئەگەری ئامادەنەبوونیشی بۆ سێ دانیشتن لە یەک وەرزی یاساداناندا ئەوا مافی ئەندامێتی پەرلەمانی لێدەسەنرێتەوە.

سەرۆکی پەرلەمان داوای لە ئەیاد عەلاویش کردووە لە دانیستنەکانی داهاتوودا بەشدار بێت ئەگەرنا رێوشوێنی پێویستی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

جێگەى ئاماژەیە ئامادە نەبوونى سەرۆک لیستەکان و سەرکردە سیاسییەکانى ئەندامى پەرلەمان کێشەیەکى کۆنینەى ئەنجومەنى نوێنەرانە و لە خولەکانى پێشوودا بە بڕینى موچە و دەرماڵە مامەڵەى لەگەڵدا کراوە، لەهەندێ کاتیشدا بە لیست ناوى ئامادە نەبوان بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ رێژەى ئامادە نەبوونیان بەمەبەستى ئیحراحکردنیان لاى دەنگدەدرو بنکە جەماوەرییەکانیان.

ع.ا