سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. لە ئەستەمبوڵ باڵەخانەیەکی هەشت نهۆمی بە تەواوی داڕما

باڵەخانە روخاوەکە
فۆتۆ: میدیاکانی تورکیا
2019-02-06

80014 جار خوێندراوەتەوە

لە شاری ئەستەمبوڵ باڵەخانەیەکی هەشت نهۆمی ڕووخا و تا ئێستا گیانلەدەستدانی سێ کەس و برینداربوونی ١٢ کەسی دیکە ڕاگەیەنراوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سی ئێن ئێن تورک کاتژمێر چواری ئێوارەی چوارشەممە (٦ی شوباتی ٢٠١٩) لە گەڕەکی ئۆرهانتەپەی سەربە ناوچەی کارتاڵی شاری ئەستەمبوڵ، باڵەخانەیەکی هەشت نهۆم بە تەواوی ڕووخا و، عەلی یەرلی کایا پارێزگاری ئەستەمبوڵیش رایگەیاند، ٣ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ١٢ی دیکەش بریندارن.

راشیگەیاند، لە ماوەی سێ کاتژمێردا شەش کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە روخاوەکەدا دەرهێنراونەتەوە کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.

پارێزگای ئەستەمبوڵیش چۆڵکردنی حەوت باڵەخانەی نزیک لە باڵەخانە روخاوەکەی راگەیاند.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، بەهۆی تەقینەوەیەکەوە کە لەنێو باڵەخانەکەدا ڕوویداوە و تا ئێستا هۆکارەکەی نازانرێت، باڵەخانەکە ڕووخاوە.

بینالی یەڵدرم سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە شوێنی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوەکەوە چوار کەس، کە بریندارنەبوون، لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدا ماون و تیمەکان هەوڵی ڕزگارکردنیان دەدەن.

ئاشکراشیکرد، ئەستەمبوڵ بەردەوام لەژێر هەڕەشەی بومەلەرزەدایە و ٣٠ هەزار بینا پێویستیان بە چاککردنەوە و دروستکردنەوە هەیە.

پارێزگاری ئەستەمبوڵ ڕایگەیاند، ئەم بینایە ساڵی ١٩٩٢ مۆڵەتی پێدراوە بە پێنج نهۆم دروستبکرێت، بەڵام دواتر بە نایاسایی سێ نهۆمی دیکەی لەسەر دروستکراوە.

موختاری گەڕەکەکەش ئاماژەی بەوە داوە، باڵەخانەکە لە ١٤ شوقە پێکهاتووە، ٢٧ کەس تێیدا نیشتەجێن، پێنج ئۆتۆمبێل لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدان و بەپێی قسەی ناسراوەکانیشیان ١٥ کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکەدان.

ع.ا

 

‌بەپەلە