سەردێڕ:

دەستگیرکردنی چەند کەسێک بە کتێبێکی تەمەن ١٧٠٠ ساڵییەوە

کتێبە تەمەن ١٧٠٠ ساڵییەکە
فۆتۆ: IHA
2019-02-06

11304 جار خوێندراوەتەوە

لە شاری ئەنتالیا حەوت کەس بە کتێبێکەوە دەستگیرکران کە تەمەنی هەزار و ٧٠٠ ساڵە و، بەنیازی فرۆشتنی بوون.

لە شارۆچکەی ماناڤگاتی سەربە شاری ئەنتالیای تورکیا دەست بەسەر کتێبێکدا گیرا، کە تەمەنی هەزار و ٧٠٠ ساڵە و چەند کەسێک مامەڵەیان پێوەکردووە تاکو بە بەهای ٥٠٠ هەزار یۆرۆ بیفرۆشن و، حەوت کەسیش بە تۆمەتی پەیوەندییان بە ڕووداوەکەوە دەستگیرکراون.

زمانی کتێبەکە عیبرانییە و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان تەمەنی هەزار و ٧٠٠ ساڵە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بێزەنتییەکان و لە ئێستادا بۆ لێکۆڵینەوەی ورد ڕەوانەی ئیستانبوڵ کراوە.

پۆلیس زانیاریی ئەوەی دەستکەوتبوو کە دوو کەس لە شاری چاناکالەوە کتێبەکەیان هێناوە بۆ شارۆچکەی ماناڤگات.

دوای شوێنکەوتنی وردی پۆلیس، ئۆتۆمبێلەکە لە گەڕەکێکی شارۆچکەکە ڕاوەستێنراوە.

لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا دەستگیراوە بەسەر کتێبەکەدا و حەوت تۆمەتباریش دەستگیرکراون.

ع.ا