سەردێڕ:

موفتییەکى سوننى یادەوەرییەکانى لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی دەگێڕێتەوە

شێخ مەهدى ئەلسومەیدعى پیاوى ئاینى سووننە
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-02-06

18027 جار خوێندراوەتەوە

شێخ مەهدى ئەلسومەیدعى پیاوى ئاینى سووننە هەندێ زانیاریی لەسەر سەرکردەی رێکخراوى داعش ئەبوبەکر بەغدادى ئاشکراکرد لەو کاتەى پێکەوە بەندبوون لەگرتووخانەکانى ئەمەریکا لە عێراق (٢٠٠٥) بەتۆمەتى بەکارهێنانى توندوتیژى دژى سوپای ئەمریکا.

سەرۆکى "خانەى فەتواى عێراقى" شێخ مەهدى ئەلسومەیدعى لە میانەى دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەى قودس ئەلعەرەبى چاپى لەندەن، (چوارشەممە ٦ شوباتى ٢٠١٩)، باسى لەوە کردووە لەمیانەى ئەو ١٨٠ رۆژەى لە گرتوخانەى ئەمەریکییەکان بووە لە ساڵى ٢٠٠٥ لەزیندان بووەتە هاورێى ئیبراهیم عەواد سامەڕایی بەر لەوەى ببێتە سەرکردەى رێکخراوى "دەوڵەتى ئیسلامى" و دواتریش جاڕى خەلافەت بدات.

سومێدعى باسى لەوەش کردووە، بەغدادى لەکامپى دووى زیندانى ئەبوغرێب بووە، "زۆر هێور و بێوەى بوو"، کاتێکیش ئەم زانیویەتى بڕوانامەى دکتۆراى لە شەریعەتى ئیسلامدا هەیە بانگهێشتى کردووە بۆ خێمەى ژمارە هەشت کە سەرجەمیان سەرۆک هۆز و کەسایەتى ئاینى و زانکۆیی بوون. هەروەها دەڵێت "لێمان پرسى بۆ گیراویت؟ لەوەڵامدا وتى دەڵێن لە دژى ئەمریکییەکان دەجەنگیت، من دکتۆرم و شتى وەهام نەکردووە".

بەقسەى سومێدعى هیچ لەگیراوەکان بڕوایان بەتۆمەتەکانى دژ بە ئیبراهیم عەواد نەکردووە کە شەڕى دژى ئەمەریکییەکان کردبێت چونکە "هێوربوو، هیچ نیشانەى پرسیارى لەسەر نەبوو. لەگەڵ گیراوەکان یارى تۆپى پێى دەکرد لە ناو کامپ، رۆژێک ژمارەکەى هاتەوە و گواسترایەوە بۆ زیندانى بوکا لەوپەڕى باشورى عێراق".

هەروەها دەڵێت "بەردەوام قورئانى دەخوێند، هێندە بێوەى بوو قەت لەو بڕوایە نەبووین بەم جۆرەى ئێستا دەرچێت".

مەهدى سومێدعى پیاوێکى ئاینى سوننەیە و لەسەردەمى مالیکیدا نازناوى "موفتى" پێبەخشراوە و مزگەوتى "أم الطبول"ى پێدرا لە ناوەڕاستى بەغدا کە سیبمولێکى سوننییە، بەڵام زۆرێک لەلایەنە سوننەکان دانى پێدا نانێن.

ئەبوبەکر بەغدادى هێشتا داواکراوى ژمارە یەکى ئەمەریکا و حکومەتى عێراقە، ناوى تەواوى ئیبراهیم عەواد ئیبراهیمە، لە ٤ ئۆکتۆبەرى ٢٠١١ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا وەک تیرۆریستێکى جیهانیی رایگەیاندووە و بڕى ٢٥ ملیۆن دۆلار پاداشتى هەر کەسێکە کە شوێن و حەشارگەکەى ئاشکرا بکات.

لە ٢٩ حوزەیرانى ٢٠١٤ دا رێکخراوى داعش وەک "خەلیفە" ى دەوڵەتەکەیان بەیعەتیان پێداوە و سەربارى ئەوەى چەندینجار کوژران و بریندارکردنى راگەیەنراوە، بەڵام هێشتا هیچ هەواڵێکى پشتڕاستکراوە لەسەر چارەنووسی نییە.