سەردێڕ:

عادل عەبدولمەهدی: نابینە بەشێک لە گەمارۆکان لە دژی ئێران

دیداری نێوان عەبدولمەهدی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران
فۆتۆ: 
2019-02-06

692 جار خوێندراوەتەوە

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عێراق نابێتە بەشێک لە سیستمی گەمارۆکانی دژی ئێران و هیچ دەوڵەتێکی دیکە، وەک ئاماژەیەک بۆ گەمارۆ سەپێنراوەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی عەبدولمەهدی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە (٦ی شوباتی ٢٠١٩) بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیران پێشوازیکرووە لە عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران و گفتوگۆیانکردووە دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بە گوێرەی بەیاننامەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق  ڕایگەیاندووە "پێشتر عێراق لەژێر باری گەمارۆدا بووە، بۆیە لەو زیانانە تێدەگات کە بەر گەلان دەکەوێت بەهۆی گەمارۆکانەوە و عێراق بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لەو سیستمی گەمارۆیەی کە دەسەپێنرێت بەسەر ئێران و هیچ گەلێکی تردا ".

لە بەرامبەریشدا پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران هیوای خواستووە هاریکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات بە تایبەت لە بواری بانکیدا زیاتر ببێت.

شاندی باڵای ئێران جگە لە پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە، ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری بانکەکانی ئێران و چەند بریکارێکی وەزارەتەکانی ئێران هاوڕێیەتیان کردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە پێشتریش لێپرسراوانی باڵای عێراق دووپاتیانکردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک نابنە بەشێک لە گەمارۆکانی سەر تاران.

ع.م