سەردێڕ:

سیستانی نەخشەڕێگایەک بۆ حکومەتەکەی عەبدولمەهدی دەخاتە روو

کۆبوونەوەی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و عەلی سیستانی
فۆتۆ: نوسینگەی سیستانی
2019-02-06

2335 جار خوێندراوەتەوە

عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، جەختیکردەوە لە پێویستی گێرانەوە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان و رووبەڕووبوونەوەی ئەو مامەڵە و هەڵسوکەوتێکی دژ بە یاسا و ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ڕەتیدەکاتەوە بکرێتە وێستگەیەک بۆ دژایەتیکردنی وڵاتانی دیکە.

جینین هینیس بلاسخارت نوێنەری نوێ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە دوای دیداری لەگەڵ عەلی سیستانی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەمڕۆ چوارشەممە (٦ ی شوباتی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، مەرجەعی باڵای ئایینی جەختیکردووەتەوە لە هەرچی زوترە ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

بلاسخارت ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارە ئاماژەی بەهیز لە حکومەتی نوێی عێراقدا ببینێت، بە تایبەت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی.

ڕونیشکردەوە سیستانی جەختیکردووەتەوە لە پێویستی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاماژەی بەوەشکردووە، ململانێی سیاسییەکان ڕێگەی گرتووە لە پێشکەوتن.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا سیستانی جەختیکردووەتەوە لە پێویستی ڕووبەڕووی ئەو مامەڵە و هەڵسوکەوتانەی دەرەوەی یاسا لە دژی گروپ وئەو کەسانەی یاساشکێنی دەکەن و چاودێریکردنیان، بێگومان ئەو ئەرکەش کاری حکومەت و دەزگای دادوەرییە.

لە لایەکی ترەوە نوسینگەی سیستانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە دیدارەکەیدا کردووە لەگەڵ نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە وەک نەخشە ڕێگایەک چەند بابەتێکی خسستووەتە بەردەم حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، بە تایبەت لایەنی پەیوەنداری ڕاسپاردووە بە هەڵوەشاندنەوەی میلشیاکان و سنوردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی روداوەانی ڕفاندن و کوشتن لە لایەن هەر گروپ و نەتەوەیەکەوە بێت.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە زاری سیستانییەوە ئاشکرایکرد، عێراق خواستی بنیاتنانی پەیوەندی دۆستانەی هەیە لەگەڵ هەموو لایەک کە ڕێز لە سەروەری عێراق دەگرن و رەتیشی دەکەنەوە وڵاتەکە بکرێتە پێگەیەک بۆ زیانگەیاندن بە کەسانی تر.

ئەمڕۆ جینین هینیس بلاسخارت نوێنەری نوێ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، سەردانی شاری نەجەفی کردوو لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان و پارێزگاری شارەکە کۆبووەوە.

ئەو وتانەی سیستانی لە کاتێکدایە ، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکادا ڕایگەیاندبوو، بەنیازی هێشتنەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیەتی لە ناوخۆیی عێراق، ئامانج لەو کارەش چاودێریکردنی ئێرانە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی دەیەوێت ئەنجامی بدات چاودێریکردنە، چونکە بنکەی سەربازیی پڕ تێچوونیان هەیە و دەیانەوێت چاودێریی سەرجەم بەشە جیاجیا ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن، چونکە ئەوە باشترە لە کشانەوە.

ع.م