سەردێڕ:

​عادل عەبدولمەهدی: هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق بوونی نیە

وەڵامی تڕەمپی دایەوە
عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-02-06

3475 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق بونی نیە و داواشی لە ترەمپ کرد لە دوایین لێدوانی پاشگەزببێتەوە.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە هاوکات فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە لە کۆنفرانسی رۆژنامەنوسی هەفتانەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، هەر جوڵەیەکی سەربازیی ئاسمانی و وشکانی تەواوی وڵاتان لە عێراق بەئەمریکاشەوە بە هەماهەنگی و هاریکاریی  و رەزامەندیی بەغدا دەبێت.

باسی لەوەشکرد، بەکارهێنانی عێراق لەلایەن هەر وڵاتێک لە دژی وڵاتێکی دیکە بۆ نمونە ئێران رەتدەکەنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو جۆرە لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمریکا سەبارەت بە عێراق سودیان نیە،  داواشیکرد بەرپرسانی ئەمریکا ڕونکردنەوە لەسەر هەڵوێستەکانیان لەبارەی هێزەکانیان لە عێراق بدەن و لە دوایین هەڵوێستیان پاشگەزببنەوە.

لێدوانەکەی عادل عەبدولمەهدی دوای ئەوە دێت، سێی ئەم مانگە  دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە مەبەستی چاودێریکردنی ئێران، هێزەکانی وڵاتەکەی لە خاکی عێراقدا دەمێنەوە و ناکشێنەوە.