سەردێڕ:

​سەرکەوت شەمسەدین: پێویستە پەرلەمان و حکومەت سەبارەت بە بوونى هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق کۆببنەوە

فۆتۆ: 
2019-02-05

1005 جار خوێندراوەتەوە

سەرکەوت شەمسەدین پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەى نوێ  ڕایگەیاند، لە بری ئەوەى پەرلەمان  بڕیار بۆ دەرکردنی هێزەکانى ئەمریکا لە  عێراق بدات، پێویستە فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان لەگەڵ حکومەت و سەرکردە سەربازییەکان کۆببنەوە و تاوتوێی بابەتەکە بکەن .

سەرکەوت شەمسەدین لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، بە پێ ڕێککەوتنى ستراتیجی نێوان ئەمریکا و  عێراق نابێت خاک و ئاسمان و ئاوی عێراق بەکاربهێندرێت دژ بە هیچ وڵاتێکی تر و دەکرێت فراکسیۆنەکان لەسەر گفتوگۆی بەندەکانی  ئەو ڕێککەوتنامە و چالاککردنی لەگەڵ حکومەت کۆببنەوە.

ئەوەشی وتووە، پەیوەندییەکانى عێراق و ئەمریکا گرنگن و لە قازانجی  هەردوو وڵاتە لە هەموو ڕووەکانی ئابوری و سیاسی و سەربازی و ئەو هێزەی ئەمریکا کە ئێستا لە عێراقدایە داگیرکەر نیە و لەسەر داوای حکومەتى عێراق هاتونەتە وڵاتەکە و هەر کات حکومەت داوایان لێ بکات دەردەچن.

ئەو پەرلەمانتارە وتووشیەتی، بە هیچ شێوەیەک نابێت هەڕەشەکردن لە هێزکانی ئەمریکا لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە قبوڵبکرێـت و دەبێـت ئەم بابەتە بە جدی کاری لەسەر بکرێت.

سەرکەوت شەمسەدین سەبارەت بە لێدوانەکانی ترەمپ دەربارەی مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەعێراق نوسیویەتی، " لەگەڵ چەندین ئەندامی کۆنگرێس  و سیاسەتمەدارانی ئەمریکا گفتوگۆی کردووە و کە جەختیان لەوە کردووەتەوە لێدوانەکانی تڕەمپ نوێنەرایەتی حکومەت و دەزگاکانى ئەمریکا ناکات و بەڵکو  ئەمریکا دەیەوێـت پەوەیندییەکی بەهێز و تەندروستى لەگەڵ عێراق هەبێـت.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، سەرۆکی ئەمریکا  ڕۆژ یەکشەممە (٣ی شوباتی ٢٠١٩) لە دیدارێکدا لە کەناڵی تەلەفزیۆنی (سی بی ئێس)ی ئەمریکی ڕایگەیاند، بەنیازی هێشتنەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیەتی لە ناوخۆیی عێراق، ئامانج لەو کارەش چاودێریکردنی ئێرانە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی دەیەوێت ئەنجامیبدات چاودێریکردنە، چونکە بنکەی سەربازیی پڕ تێچوونیان هەیە و دەیانەوێت چاودێریی سەرجەم بەشە جیاجیا ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن، چونکە ئەوە باشترە لە کشانەوە.

ئەم لێدوانانەى ترەمپ لەسەر ئاستى عێراق کاردانەوەى لێ کەوتەوە  و بەشێک لەلایەن سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان دەیانەوێت پەرلەمان بریاری دەرکردنی هێزەکانى ئەمریکا بدات.