سەردێڕ:

ڕاوێژکارێکى سەرۆکى ئەمریکا: کشانەوەى هێزەکانمان لە عێراق کاردانەوەى خراپى دەبێت

فۆتۆ: ئەرشیف
2019-02-05

5763 جار خوێندراوەتەوە

ڕاوێژکارێکى سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند، لە کاتی کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە، و کێشەکانى کەرکوک سەرهەڵدەدەنەوە و پاراستنى یەکپارچەیى خاکى عێراق ئەستەم دەبێت.

گبریال سۆما ئەندامێکى لیژنەى ڕاوێژکاریى دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵى بى بى سى ڕایگەیاند، دەرکردنی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، دەبێتە هۆى گەڕانەوەى داعش لە ژێر ناوى دیکەدا و جارێکى تر موسڵ و تکریت و کەرکوک دەکەوێتەوە ژێر دەستیان.

ئاماژەى بەوەشکرد، کێشەکانى کەرکوک دووبارە سەرهەڵدەدەنەوە و ئەو کاتەش پاراستنى یەکپارچەیى خاکى عێراق ئەستەم دەبێت.

ئەو ڕاوێژکارەى سەرۆکى ئەمریکا، حکومەتى عێراقى بە بەرپرسیارزانى لە ئاست دروستبوونى ئەو هەڕەشانە و ڕووخانى سیستمى سیاسى.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، هێزەکانى وڵاتەکەى لە عێراق دەمێننەوە بۆ چاودێریکردنى هەڕەشەکانى ئێران و ئەوەش کاردانەوەى توندى لایەنە سیاسیە عێراقیەکانى لێکەوتەوە و بەوەى ناکرێت گۆڕەپانى عێراق بکرێتە ململانێى نێوان ئەمریکا و ئێران.

ئـ. فـ