سەردێڕ:

ڕۆژنامەیەکی سعودی: واشنتۆن هۆشدارییەکی توندی داوەتە عێراق و ئێران

سەبارەت بە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە خۆرئاوای عێراق
بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی ئەمریکا لە نزیک پارێزگای ئەنبار
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-04

21287 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی عوکازی سعودیە بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڕەشەی بەرکاهێنانی هەموو هۆکارێکی بەردەستی کردووە لە دژی هەر لایەنێک ئەگەر بیەوێت بنکەی سەربازی عەین ئەسەدی نزیک پارێزگای ئەنبار بکاتە  ئامانج، کە هێزەکانی وڵاتەکەی تێدا جێگرکراوە.

ڕۆژنامەکە لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممە (٤ی شوباتی ٢٠١٩)دا بڵاویکردووەتەوە، ئەو پەیامەی ئەمریکا گەیشتووەتە دەستی حکومەتی عێراق و تیایدا هەڕەشەی ڕاستەوخۆی تێدایە و هۆشداری داوەتی لە مەترسی جێبەجێ نەکردنی داخوازییەکانی ئەمریکا، کە داوای چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەکات.

بە گوێرەی ڕۆژنامەکە واشنتۆن ڕایگەیاندووە، هەر هەوڵێک بۆ کردنە ئامانجی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بە موشەکی ئێرانی، بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی دەکەوێتە ئەستۆی هەریەکە لە بەغدا و تاران.

ڕۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە دیوانی سەرۆکایەتی حکومەتی عێراقەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو پەیامەی ئەمریکا بۆ بەغدا یەکەمجارە کە داوای لێکردووە بە درێژایی ٢٤ کاتژمێر چاودێری دەوروبەری بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بکات.

ئەو  هۆشداریەی ئەمریکا بۆ عێراق و ئێران لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق ئاشکرایکرد، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە سێ موشەک لە پارێزگای ئەنبار ئاشکرا بکەن، کە ئامادە کرابوون بۆ ئەوەی ئاراستەی بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بکرێن، بەڵام نیو کاتژمێر بەر لە تەقاندنیان توانیوانە پوچەڵیان بکەنەوە.

دوێنێش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکادا ڕایگەیاندبوو، بەنیازی هێشتنەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیەتی لە ناوخۆیی عێراق، ئامانج لەو کارەش چاودێریکردنی ئێرانە.

 

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی دەیەوێت ئەنجامی بدات چاودێریکردنە، چونکە بنکەی سەربازیی پڕ تێچوونیان هەیە و دەیانەوێت چاودێریی سەرجەم بەشە جیاجیا ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن، چونکە ئەوە باشترە لە کشانەوە.

ئەو لێدوانانەی ترەمپ کاردانەوەی توندی ناوخۆیی لە عێراقدا هێنایە کایەوە و لەو بارەیەوە دوێنێ یەکشەممە حەسەن کەریم کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئیدانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد سەبارەت بە درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ڕایگەیاند، ئەوەی ترەمپ وتوویەتی پێشێلکردنێکی ڕەهای سەروەری و ئیرادەی نیشتمانی و پێشێلکردنی دەستووری عێراقە، چونکە نابێت عێراق ببێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هیچ دەوڵەتێک.

ع.م