سەردێڕ:

لەسەر کڕین و فرۆشتنی بەرانێک لە پارێزگایەکی عێراق ٤ کەس برینداربوون

فۆتۆ: 
2019-02-04

6945 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی دەمەقاڵە و بەرپابوونی شەڕ لەسەر کڕین و فرۆشتنی بەرانێک لە پارێزگای زیقاری باشوری عێراق ٤ کەس برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای زیقار ئەمڕۆ دووشەممە (٤ی شوباتی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ناکۆکی و شەڕ و دەمەقاڵە لەسەر کڕینی و فڕۆشتنی بەرانێک لە مەیدانی ئاژەڵانی قەزای شەترەی سەربە پارێزگاکە ٤ هاووڵاتی برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئەو پارێزگایە ئاماژەی بەوە کردووە، تۆمەتبارێک بە چەقۆ یەکێک لە کوڕە مامەکانی خۆی لەسەر کڕین و فرۆشتنی بەرانێک بریندارکردووە، دواتر ئاڵۆزییەکە تەشەنەیکردووە و پەنا بۆ چەک براوە، بەو هۆیەوە ٣ کەسی دیکە برینداربوون.

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زیقار ئاماژەی بەوە کرد، بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە هێزەکانی پۆلیس گەمارۆی شوێنی ڕووداوەکەیان داوە و، ئێستاش ڕێوشوێنی ئەمنی گیراوەتەبەر بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم ئەو تۆمەتبارانەی کە پەیوەندییان بە ڕووداوەکەوە هەیە.

ع.م