سەردێڕ:

سەرکردەکانی عێراق دەربارەی مانەوەی سوپای ئەمریکا لێدوانی جیاواز دەدەن

مانەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق
سوپای ئەمریکا لە عێراق
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-02-04

2308 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، دەیەوێت سوپای وڵاتەکەی لە عێراقدا بمێنێتەوە بۆ چاودێریکردنی ئێران، سەرکردە عێراقییەکان دەربارەی بڕیارەکە  لێدوانی جیاواز دەدەن.

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە (٤ی شوباتی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، تاوتوێكردنی یاسای دەركردنی سوپای ئەمریكا پێویستی بە پرسوجۆکردن لەگەڵ حكومەت هەیە كە دەسەڵاتی جێبەجێكردنە.

ڕاشیگەیاند، ئەم پڕۆژە یاسایە لەلایەن هاوپەیمانێتی سائیرونەوە لە كۆتاییەكانی وەرزی یەكەمی یاسادانانی خولی چوارەم بە زیاتر لە ٥٠ ئیمزاوە پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە.

لەلای خۆیەوە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ جەختیكردەوە، بابەتی هێزەكانی ئەمریكا پێویستی بە پرسوجۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و ئەو لایەنە پەرلەمانییانە هەیە كە دژی مانەوەی ئەم سوپایەن لە عێراق.

لە ڕاگەیەندراوێکیشدا دوێنێ یەکشەممە حەسەن کەریم کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئیدانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد سەبارەت بە درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ڕایگەیاند، ئەوەی ترەمپ وتوویەتی پێشێلکردنێکی ڕەهای سەروەری و ئیرادەی نیشتمانی و پێشێلکردنی دەستووری عێراقە، چونکە نابێت عێراق ببێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هیچ دەوڵەتێک.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە (٣ی شوباتی ٢٠١٩) لە دیدارێکدا لە کەناڵی تەلەفزیۆنی (سی بی ئێس)ی ئەمریکی ڕایگەیاند، بەنیازی هێشتنەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیەتی لە ناوخۆیی عێراق، ئامانج لەو کارەش چاودێریکردنی ئێرانە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی دەیەوێت ئەنجامیبدات چاودێریکردنە، چونکە بنکەی سەربازیی پڕ تێچوونیان هەیە و دەیانەوێت چاودێریی سەرجەم بەشە جیاجیا ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن، چونکە ئەوە باشترە لە کشانەوە.

ع.ا