سەردێڕ:

هەورامان.. دیمەنی تەقینی کانییەک سەرنجی گەشتیاران رادەکێشێت

گوندی بڵبەر
فۆتۆ: ئەنادۆڵو
2019-02-04

85472 جار خوێندراوەتەوە

دیمەنی تەقینی کانییەک لە بەرزایی شاخێکەوە لە گوندێکی ناوچەی ھەورامانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشێت و دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەدات.

ئەو کانییە بە ھۆی باران بارینی زۆری ئەمساڵ و لەنێو تاشە بەردەکانی شاخێکی نێو گوندی بڵبەری ناوچەی ھەورامان ھەڵدەقوڵێت و بە ھێزێکی زۆر ئاوەکەی فڕێدەداتە دەرەوە.

بڵبەر گوندێکی ناوچەی ھەورامانە لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ھەزار کەس دەبێت و بە شێوەزاری ھەورامی دەدوێن.

بڵبەر سروشتێکی جوانی سەرنجڕاکێشی ھەیە و دەکەوێتە نێو دۆڵێکی ناوچەی ھەورامان و بە چیاو باخ و بێستان و رووبار دەورە دراوە.

ئەم ناوچەیە لە چوار وەرزی ساڵدا جوانی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە و بە یەکێک لە جوانترین گوندەکانی سەر رووباری سیروان کە سەرچاوەیەکی سەرەکی رووبارەکە لەم گوندەوەیە ناسراوە.

لەئێستادا یەکێک لە دیمەنە جوانەکانی ئەم ناوچەیە تەقینی کانییەکە لەنێو تاشەبەردەکانی ناوەڕاستی شاخێکی نێو گوندەکەدا کە دیمەنێکی جوانی ھەیە و سەرنجی گەشتیارانی بەلای خۆیدا راکێشاوە.

دانیشتوانی گوندەکە دەڵێن، ھەر ساڵێک رێژەی بارینی بەفر و باران زۆر بێت لە وەرزی زستاندا ئەم کانییە بەو شێوە سەرنجڕاکێشە دەتەقێت و ئاوەکەی بە شێوەیەکی بەھێز ھەڵدەداتە دەرەوە بە دووری زیاتر لە ١٥ مەتر و تا چەند مانگێک بەردەوام دەبێت.

ئەمساڵ جیاواز لەساڵانی رابردوو رێژەیەکی زۆری بەفر و باران باریوە و لە زۆربەی شاخ و دۆڵەکانی ناوچەکە ھاژەی ئاو دێت و چەم و کانیاوەکان پڕ ئاوبوون، ئەوەش ھێندەی تر دیمەن و سروشتی ناوچەکەی دڵڕفێنتر کردووە.