سەردێڕ:

عادل عەبدولمەهدی سەردانى ئەمریکا دەکات

فۆتۆ: 
2019-02-04

512 جار خوێندراوەتەوە

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى گرنگ بەمزووانە شاندێکى باڵاى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی سەردانى ئەمریکا دەکات.

چەند بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە میدیا عێراقییەکانیان ڕاگەیاندووە، سەردانەکە پرۆتۆکۆلى نییە و پەیوەندى بە داهاتووى عێراقەوە هەیە لەچوار ساڵى داهاتوودا بەتایبەت بوونى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و ململانێکانى لەگەڵ ئێراندا.

ئەو سەرچاوانە باسیان لەوەشکردووە، پرسى سزاکانى ئەمریکا لەسەر ئێران و بەدوورگرتنى عێراق لە سزاکان گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت.

هاوکات وەزیرێکى حکومەت کە سەر بە هاوپەیمانى ئیسڵاحە ڕایگەیاندووە، سەرۆکى حکومەت و سەرۆک کۆمار لەسەر زۆرێک لە پرسەکان هاوڕان کە لە سەردانەکەیاندا لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکەن.

شاندەکەى عێراق لەگەڵ ئەوەدان بەرپرسانى ئەمریکا دڵنیابکەنەوە لەوەى عێراق نەکرێتە چەقى ململانێکان، چونکە بە دۆخێکى نائاسایى و ئەمنیدا تێپەڕدەبێت و وادەخوازێت لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ بە گشتى پەیوەندیەکانى گەرموگوڕ بن.