سەردێڕ:

ئەبو عیزرائیل بۆ ئێن ئاڕ تی دەدوێت

ئەبو عیزرائیل سەرکردەی دیاری کەتیبەکانی ئیمام عەلی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-03

60055 جار خوێندراوەتەوە

ئەبو عیزرائیل سەرکردەی دیاری کەتیبەکانی ئیمام عەلی، کە یەکێکە لە گروپەکانی حەشدی شەعبی هەواڵی تیرۆرکردنی ڕەتکردەوە.

ئەیوب حەسەن کە ناسراوە بە (ئەبو عیزرائیل) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ئەمڕۆ یەکشەممە (٣ی شوباتی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، ئەو کردەوە "تیرۆریستیەی" کە ئەنجامدراوە، یەکێک لە هاوەڵەکانی کردووەتە ئامانج لە ڕیزەکانی حەشدی شەعبی، کە هەمان نازناوی (ئەبو عیزرائیلی) هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پێدەچێت کردەوەکە بۆ تیرۆرکردنی خودی ئەو بوبێت، بە هەڵە ئەو هاوڕێیەی کراوەتە ئامانج کە هەمان نازناوی ئەوی هەبووە.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەبو عیزرائیل ڕوونیکردەوە، کردەوەی تیرۆرکردنەکە لە ناوچەی "تاجیات"ی نزیک پردی دەواری باشوری بەغدای پایتەخت بووە و، ئەو کەسەش کە کوژراوە لەناو هاوەڵەکانیدا بە (ئەبو ڕانیا) ناسراوە، بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکی دیکە ئاشکرابکات.

لە ماوەی جەنگی نێوان داعش و سوپای عێراق، نازناوی ئەبو عیزرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووبوەوە، بەهۆی ئەوەی کە لە زۆربەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی سوپا و حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ناوی هێنراوە.

ع.م