سەردێڕ:

سەدر هەڕەشەی ئۆپۆزسیۆنبوون دەکات لە کابینە نوێیەکەی عادل عەبدولمەهدى

عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-03

1692 جار خوێندراوەتەوە

ڕەوتى سەدر ٥٤ کورسیی هەیە لە پەرلەمانی عێراق تەنها شەش مانگ مۆڵەتى دیاریکردووە بۆ مانەوەى لە ڕیزى پشتیوانانى حکومەتى عەبدولمەهدى و هەڕەشەى ئەوە دەکات ئەگەر لەو ماوەیە گۆڕانکاریی نەکات ئەوە دەچێتە ڕیزەکانى ئۆپۆزسیۆنەوە.

ماوەى ١٠٠ ڕۆژ بەسەر پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراقدا بە سەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى تێپەڕى، ئەو ماوەیەى عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانی عێراق، گفتى دابوو تێیدا پلانێکى تۆکمە بۆ حکومەتەکەى دابنێت و هەندێ پرۆژەى سەرەکی و گرنگیشى تێدا جێبەجێ بکات، بەڵام چاودێرانى ڕەوشى حکومەت باس لەوە دەکەن لەو گفتانە تا ئێستا تەنها هەڵگرتنى بەربەستە کۆنکرێتییەکانى دەوروبەرى ناوچەى سەوزى ناوەڕاستى بەغدا بە ڕێکوپێکى چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە بڕێکى کەم لە بارى گرانى سەرشانى ڕێبوارانى شەقامەکانى پایتەختى سوککردووە.

هەرچەندە کابینەکەى عەبدولمەهدى لە ٢٤ی ئۆکتۆبەرى ٢٠١٨دا متمانەى پەرلەمانیی وەرگرتووە، بەڵام هێشتا چوار پۆستى وەزاریی ئەم حکومەتە بە بەتاڵى ماونەتەوە، کە بریتین لە وەزارەتەکانى ناوخۆ و بەرگرى و داد و پەروەردە، هەندێ لە پەرلەمانتارانیش باس لەوە دەکەن، ئەو ١٤ وەزارەتەى لە وەجبەى یەکەمدا متمانەیان وەرگرتووە تا ماوەى ٣٠-٥٠ ڕۆژ دەستیان بە کارەکانیان نەکردووە بۆیە هەڵسەنگاندنیان لە ماوەى ١٠٠ ڕۆژدا کارێکى ئەستەمە، ئەمە لەکاتێکدا کە موقتەدا سەدرى ڕێبەرى ڕەوتى سەدر کە لیستە پەرلەمانییەکەى ٥٤ کورسیی هەیە تەنها شەش مانگ مۆڵەتى دیاریکردووە بۆ مانەوەى لە ڕیزى پشتیوانانى حکومەتى عەبدولمەهدى و هەڕەشەى ئەوە دەکات ئەگەر لەو ماوەیە گۆڕانکاریی نەکات ئەوە دەچێتە ریزەکانى ئۆپۆزسیۆنەوە.

چاودێران باس لەوە دەکەن کاتێک عادل عەبدولمەهدى خۆى پابەندکردووە بە مۆڵەتى ١٠٠ ڕۆژەوە بۆ هەندێ گۆڕانکاریی خێرا، ئەوەى لەبەرچاو نەگرتووە کە پێکهێنانى حکومەتەکەى درێژببێتەوە بۆ چوار قۆناغ و، پاش ١٠٠ ڕۆژ چوار وەزارەتى گرنگ و بنەڕەتیشى بە بەتاڵى بمێنێتەوە، ئەمەش لەهەندێ ناوەندى میدیایی و سیاسیدا بە حکومەتى "قیستى موریح" ناوزەد کراوە.

سەربارى ئەو ڕەخنانەى لەئەداى عەبدولمەهدى هەن، هەندێک لەچاودێران ستایشى پابەندیی ناوبراو دەکەن بە بێلایەنى سیاسی پۆزەتیڤ لەو ململانێ هەرێمایەتیانەى دەورى عێراقیان داوە، لەگەڵ کرانەوەى ئابوورى بەڕوى میرنشینى ئوردن لەکاتێکدا دۆستانى ئێران ئەو هەنگاوەیان پێ خۆش نییە.

هەندێ ناوەندى سیاسى باس لەوەدەکەن ئەداى راستەقینەى حکومەتى بەغدا لەوکاتەوە دەست پێ دەکات کە پێکهاتەکەى کۆتاییدێت و بودجەى گشتى وڵاتیش دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە کە لەچاو بودجەى پاردا بەرێژەى ٤٥% زیادیکردووەو بەگەورەترین بودجە دادەنرێت لەمێژووى وڵاتدا.

 ئەوەى لەمپەرى بۆ ئەم ڕایە دروست کردووە بەڵێنى عەبدولمەهدییە بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەى پڕکردنەوەى پۆستەکان بەوەکالەت لەماوەى شەش مانگ و پێداچونەوەى پەیڕەوى ناوخۆى حکومەتە لەماوەى سێ مانگ، بەڵام تا ئێستا هیچ لەو گفتانە نەچوونەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

جگە بڕگە خزمەتگوزارییەکانى بەرنامەى کار تا ئێستا سنوردانان بۆ دیاردەى چەکداریی و قەدەغەکردنى دەستێوەردانى کاروبارى حکومەت لە گروپە چەکدارەکان و عەشایەرییەکانەوە چاوەرێى جێبەجێکردن دەکەن، لەگەڵ سەرلەنوێ داڕشتنەوەى پەیکەرى پۆلیسى فیدراڵى، ئەمە جگە لەئاوڕدانەوە لەناوچە وێران بووەکانى سەردەمى شەڕى داعش لەگەڵ چارەسەرکردنى پرسە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان بەغداو هەولێر، بەڵام لەبەر ئەوەى پەڕلەمانى عێراق لە پشوى زستانەى خۆیدایە لە ئێستادا هیچ لێپێچینەوەو ڕەخنەیەک لەعەبدولمەهدى بەشێوەى فەڕمى و جددى لەئارادا نییە.

د.ن