سەردێڕ:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەڵامی ترەمپی دایەوە

فۆتۆ: 
2019-02-03

9229 جار خوێندراوەتەوە

حەسەن کەریم کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئیدانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد سەبارەت بە درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کەعبی کە ئەمڕۆ یەکشەممە (٣ی شوباتی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، ئەوەی ترەمپ وتوویەتی پێشێلکردنێکی ڕەهای سەروەری و ئیرادەی نیشتمانی و پێشێلکردنی دەستووری عێراقە، چونکە نابێت عێراق ببێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هیچ دەوڵەتێک.

کەعبی ئاماژەی بەوەش کردووە، جارێکی تر ترەمپ پێشێلی یاسا و دەستووری دەوڵەتی عێراقی کردەوە، دوای سەردانەکەی پێشتری بۆ بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد، ئەمڕۆش ڕووبەڕووی توڕەبوونێکی تری کردنەوە کە ڕایگەیاندووە، بەنیازە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق درێژبکاتەوە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتێکی هاوسێ.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیکردووەتەوە لەوەی، بەرپرسیارێتی هەموو لایەکە بۆ هەڵوێست دەربڕین سەبارەت بە کۆتاییهێنانی بوونی هێزەکانی ئەمریکا و، ڕێگەنەدان بەوەی عێراق ببێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر دەوڵەتێک یان چاودێریکردنی.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کەعبی ڕایگەیاندووە، پەرلەمانی عێراق لە خولی داهاتووی خۆیدا کاردەکات لەسەر دەرکردنی یاسایەک بۆ کۆتاییهێنان بە کارکردن بەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ئیمزا کراوە، سەرەڕای کۆتاییهێنان بە بوونی ڕاهێنەر و ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا و بیانی لە خاکی عێراقدا.

سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە (٣ی شووباتی ٢٠١٩) لە دیدارێکدا لە کەناڵی تەلەفزیۆنی (سی بی ئێس)ی ئەمریکی ڕایگەیاند، بەنیازی هێشتنەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیەتی لە ناوخۆیی عێراق، ئامانج لەو کارەش چاودێریکردنی ئێرانە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی دەیەوێت ئەنجامیبدات چاودێریکردنە، چونکە بنکەی سەربازیی پڕ تێچوونیان هەیە و دەیانەوێت چاودێریی سەرجەم بەشە جیاجیا ئاڵۆزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن، چونکە ئەوە باشترە لە کشانەوە.

ع.م