سەردێڕ:

بەریتانیا و وڵاتانی کەنداو شکستیان بە پلانێکی ئەمریکا هێناوە بۆ پشتیوانی لە سەدام حسێن

سەدام حسین لە سەردەمی جەنگی عێراق - ئێران لە بەرەکانی جەنگ
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-03

36900 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەکی نهێنی، هەریەکە لە بەریتانیا و وڵاتانی کەنداو پلانێکی ئەمریکایان بۆ پشتیوانیکردن لە سەدام حسێن سەرۆکی پێشووی ڕژێمی عێراق شکستپێهێناوە لە سەردەمی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران عێراقدا.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکان کە بی بی سی بەریتانی ئەمڕۆ یەکشەممە (٣ی شوباتی ٢٠١٩) بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە حکومەتی لەندەن هاوکاریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ڕەتکردووەتەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی ئەو کاتەی سەدام حسێن لەپێناو شکستپێهێنانی ئێران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بەتایبەت لەکاتێکدا دەوڵەتانی کەنداو ترسی ئەوەیان هەبووە پێشڕەوییەکانی تاران ببێتە هۆی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر کەنداو.

ئاماژە بەوەش کراوە، سەرباری ئەوەی ڕژێمی سەدام حسێن خاوەنی چەکی پێویست بووە، بەڵام ئەمریکییەکان متمانەیان نەبووە بە تواناکانی ڕژێمەکەی سەدام.

ڕاپۆرتەکە، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە گفتوگۆیەکی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا دەکات، کە لە ١٩ و ٢٠ی ئازاری ساڵی ١٩٨٦دا لە واشنتۆن بەڕێوەچووە و تایبەتبووە بە جەنگی ئێران عێراق. لەمیانی گفتوگۆکاندا بۆ بەریتانییەکان ئاشکرابووە کە ئەمریکییەکان سەرقاڵی پلاندانان بوون بۆ دەستوەردان لە جەنگەکە، لەوانەش بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ ڕێگریکردن لە سەرکەوتنی ئێران لە جەنگەکەدا.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، ئەمریکییەکان دووچاری بێهیوایی بوون لە وەڵامنەدانەوەی دەوڵەتانی کەنداو لە خۆئامادەکردنەکانی ئەمریکا، لەکاتێکدا ئەگەری ئەوە هەبووە ئێران جەنگەکە بباتەوە.

لەوکاتەدا ئەمریکییەکان بە دەوڵەتانی ئەندامیان لە ڕێکخراوی هاریکاریی کەنداو ڕاگەیاندووە، پێویستە ڕۆڵیان هەبێت بۆ پێشکەشکردنی بنکەی تایبەت لە نزیک بەندەرەکان و ڕەزامەندی نیشاندان لەسەر ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی هاوبەش، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەمریکییەکان زۆر بێهیوا بوون لە هەڵوێستی سەربازیی عێراق لە بەرامبەر ئێراندا، بەتایبەت بێتوانایی هێزی ئاسمانیی عێراقی لەوەی گورزی کاریگەر لە سوپای ئێران بوەشێنێت، هەروەها بۆردومانەکانی عێراق بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە نزیک فاوی باشوری ئەو وڵاتە و ئەگەری هێرشی چڕی ئێران بۆ سەر عێراق لە چەند مانگی داهاتوودا.

ڕاپۆرتەکە ڕوونیکردووەتەوە، ئەو سەردان و کۆبوونەوانە دوودڵی ئەمریکای زیاترکرد لە ئەگەری سەرکەوتنی ئێران، بۆیە واشنتۆن لە هەوڵی بەردەوامدا بووە بۆ ڕازیکردنی هاوپەیمانە بەریتانییەکە بۆ بەشداربوون لە داڕشتنی پلانێکی کتوپڕ بۆ دەستوەردانی سەربازی و ڕێگریکردن لەو سەرکەوتنە، بەڵام بەریتانیا لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی مایەوە و پێیوابووە سەرباری پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکادا، بەڵام چوونە ناو نەخشە و پلانێکی لەو شێوەیە، وەستانەوەیە لە دژی بەرژەوەندییەکانی لەندەن لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتە بەریتانییەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەمریکییەکان بەردەوام لە ماوەی جەنگەکەدا لە هەوڵی ئەوەدا بوون، تێچوونەکانی ئێران لە شەڕدا زیاتربکەن و، ڕێگرییش بکەن لە گەیشتنی چەک بە دەست ئێرانییەکان، بۆیە لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا ئەمریکا هەوڵی خۆی خستەگەڕ بۆ سنوردارکردنی کارە دارایی و بانکییەکانی ئێران لە دەرەوە، کە هاوکاریی دەکات بۆ هاوردەکردن لە دەرەوەی وڵاتەکەیان.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، دواتریش ئەمریکییەکان بۆ فشار دروستکردن لەسەر ئێران، پەیوەندییان بە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیاشەوە کردووە، بەڵام دوای ئەوەی بابەتەکە بە تەواوی ئاشکرابوو، بەریتانییەکان لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە ئەمریکییەکانیان ئاگادارکردەوە بەوەی، ئەوان سیاسەتیان بێلایەن نییە لەو بابەتەدا، چونکە لەو بڕوایەدا بوون بوونی ئێران لە ناوچەکە و هەڵسوکەوتەکانی بوونێکی ڕاستەقینەیە و پێویستە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

جەنگی ئێران – عێراق بە درێژترین جەنگی سەربازیی نێوان دوو دەوڵەت دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا، کە لە مانگی ئەیلولی ١٩٨٠ دەستیپێکرد و لە مانگی ئابی ١٩٨٨ کۆتاییهات، کە زیانێکی ئابوری و مرۆیی و زەبەلاحی بە هەردوو وڵاتەکە گەیاند.

ع.م

 

صورة وثيقة

صورة وثيقة

صورة وثيقة