سەردێڕ:

ڕانیە.. تا ئێستا ئەشکەوتی بتکار وەک شوێنێکی گەشتیاری سوودی لێ وەرنەگیراوە

فۆتۆ: 
2019-02-03

816 جار خوێندراوەتەوە

ئەشکەوتی بێتکار لە گوندی نۆرێی ناحیەی سەرکەپکانی سنوری قەزای ڕانیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا و دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەیە.

بەشێک لە دانیشتوانی گوندی نۆرێ دەڵێن، لە ڕابردوودا بەرپرسان و حزبەکان ئەشکەوتەکەیان وەک پەناگەیەک بەکارهێناوە، بەڵام لە ئێستادا بەشێکی شێوێندراوە و گرنگی پێ نەدراوە، بۆئەوەی وەک شوێنێکی گەشتیاری سودی لێ ببینرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ڕاپەڕین، چەند جارێک داوایکردووە، ڕێگایەک دروستبکرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان و گەشتیاران سەردانی ئەشکەوتەکە بکەن و خزمەتگوزاری بۆ دابینبکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پرۆژەکە جێبەجێ نەکراوە.

ئەشکەوتەکە لە دەروازەکەیەوە تا کۆتاییەکەی، زیاتر لە ٧٠٠ مەترە و بەرزییەکەی لە هەندێک شوێندا نزیکەی ١٠ مەتر دەبێت، تائێستاش چەندین پارچە شوێنەواری تێدا دۆزراوەتەوە، بەڕێوەبەری شوێنەواری ئیدارەی ڕاپەڕینیش دەڵێت، لەسەر بردنی چەند پارچە شوێنەوارێکی ئەشکەوتەکە، چەند کەسێک دراونەتە دادگا.

ئه‌شکه‌وتی بێتکار بەدوری ١٢ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری قەزای ڕانیەوە و دەیان ستونی بەردی کلسی تێدایە، تائێستاش لەڕووی مێژووی و زانستییەوە بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر نەکراوە.