سەردێڕ:

فەڕەنسا.. بڕی یەک ملیار دۆلار وەك قەرز دەدەینە عێراق

فۆتۆ: 
2019-02-02

1161 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ڕەزامەندی داوە لە پێدانی یەک ملیار دۆلار وەك قەرز بداتە عێراق، لەپێناو ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش زیانی پێگەیاندون.

جان ئێڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ محەمەد عەلی حەكیم وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، "فەڕەنسا بڕیاریداوە بڕی یەک ملیار دۆلار وەك قەرز بداتە عێراق، تا ئەو ناوچانە ئاوەدانبكرێنەوە كە بەهۆی جەنگی داعش لە عێراق زیانیان پێگەیشتووە."

لۆدریان لە سەردانەكەی بۆ بەغداد، دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامداوە.

هاوکات عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سوپاسی فەڕەنسای كرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو قەرزانەی بەسەر عێراقەوە بوون لە یانەی پاریس، باسی لە گرنگیی پەیوەندییەكان لەگەڵ پاریس كردووە و ئامادەیی حكومەتی فیدراڵی بۆ فراوانكردنی هەماهەنگییەكان لەگەڵ فەڕەنسادا، خستبووەڕوو.

لە دوای هاوکارییەکانی فەڕەنسا لە شەڕی دژبە داعش، لۆدریان پشتیوانیی پاریسی بۆ عێراق و حكومەتەكەی دەربڕیبوو لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەدا.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ئاماژەی بە سەردانێکی چاوەڕوانكراوی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا كرد بۆ بەغداد و وتیشی، سەردانەکە "لەپێناو جەختكردنەوەیە لەسەر پشتیوانی و پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانە و هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات."

د.ن