سەردێڕ:

بەهرۆز بوچانی: ئه‌م خه‌ڵاته‌ سه‌ركه‌وتنێكه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی

به‌هرۆز بوچانی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-02

1746 جار خوێندراوەتەوە

به‌هرۆز بوچانی كوردێكی رۆژنامه‌نوسی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌ و زیاتر له‌ شه‌ش ساڵه‌ له‌ دورگه‌یه‌كی ئوسترالیا ده‌ستبه‌سه‌ره‌. له‌ ماوه‌ی زیندانیه‌كه‌یدا له‌رێگه‌ی نامه‌ی وه‌تسئاپه‌وه‌ رۆمانێكی ‌نوسیوە و تیایدا سه‌ربورده‌ی خۆی له‌ زیندانه‌كانی ئوستورالیادا گێڕاوەتەوە.

پاش وه‌رگێڕان (له‌ زمانی فارسیه‌وه‌) و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌ی، هیچ هاوڕێیه‌ك نیه‌ جگه‌ له‌ چیاكان: نوسین له‌ زیندانی مانوسه‌وه‌، به‌هرۆز بووە یه‌كێك له‌ ناسراوترین ده‌نگه‌كانی ئوسترالیا و كتێبه‌كه‌شی كتێبێكی پڕ خوێنه‌ر. سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٩ش، دوو خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی پێ به‌خشرا كه‌ به‌هاكانیان ١٢٥ هه‌زار دۆلاره‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌هرۆز رێگه‌ی پێنادرێت بچێته‌ ئوسترالیا و خه‌ڵاته‌كه‌ وه‌ربگرێت.

لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتەکەوە "خه‌ڵاتی ڤیكتۆریا بۆ ئه‌ده‌ب" به‌هرۆز بوچانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کردوویەتی بەکوردی دەڵێت:

شه‌ش ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك گه‌یشتمه‌ دورگه‌ی كریسمه‌س، ئه‌فسه‌رێكی كۆچكردن بانگی كردمه‌ ژوره‌كه‌ی خۆی و پێی وتم نه‌فیت ده‌كه‌ین بۆ دورگه‌ی مانۆس له‌ ناوه‌ڕاستی ئۆقیانوسی ئارامدا. پێموتن من نوسه‌رم. هه‌مان كه‌س پێم پێكه‌نی و پاسه‌وانه‌كانی بانگكرد بۆ ئه‌وه‌ی نه‌فیم كه‌ن بۆ دورگه‌ی مانوس. هه‌موو ئه‌م ساڵانه‌، كاتێك رۆمانه‌كه‌م ده‌نوسی، ئه‌و وێنه‌یه‌م له‌ مێشكمدا هێشتبووه‌وه‌ - ته‌نانه‌ت ئێستاش، كاتێك ئه‌م وته‌ی په‌سه‌ندكردنه‌ ده‌نوسم. ئه‌وه‌ كارێكی سوكایه‌تیی پێكردن بوو.

كاتێك گه‌یشتمه‌ مانوس، وێنه‌یه‌كی ترم بۆ خۆم دروستكرد. وا بیرم له‌ خۆم ده‌كرده‌وه‌ كه‌ رۆماننوسێكم له‌ زیندانێكی دووره‌ده‌ستدا. هه‌ندێكجار به‌ له‌شی نیوه‌ رووته‌وه‌ له‌ ته‌ك وایه‌ری زیندانه‌وه‌ كارم ده‌كرد و بیرم له‌ رۆماننوسێكی ده‌ستگیركراو ده‌كرده‌وه‌ له‌وێدا، له‌و جێگه‌یه‌دا. ئه‌م وێنه‌یه‌  وێنه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ربوو. چه‌ندین ساڵ ئه‌م وێنه‌یه‌م له‌ مێشكی خۆمدا هێشته‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌شی به‌زۆر ناچار ده‌كرام بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ سه‌ره‌ بگرم بۆ وه‌رگرتنی خواردن، یان كاتێك چركه‌ساتی شه‌رمئامێزی دیكه‌مان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرا.

ئه‌م وێنه‌یه‌ هه‌میشه‌ یارمه‌تیدام كه‌ پارێزگاری له‌ كه‌رامه‌تی خۆم بكه‌م و ناسنامه‌ی خۆم وه‌ك مرۆڤێك بپارێزم. له‌ڕاستیدا، ئه‌م وێنه‌یه‌م وه‌ك دژێك به‌رامبه‌ر ئه‌و وێنه‌یه‌ دروستكرد كه‌ سیستمه‌كه‌ بۆی دروستكردبووم. دوای چه‌ندین ساڵ خه‌باتكردن دژی ئه‌و سیستمه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی ناسنامه‌ی تاكێتیمانی پشتگوێخستبوو، من دڵخۆشم كه‌ گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌م چركه‌ساته‌.

ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ وشه‌كان هێشتا ده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیستم و پێكهاته‌ نامرۆڤانه‌كانیان هه‌یه‌. من هه‌میشه‌ وتوومه‌ باوه‌ڕم به‌ وشه‌ و وێژه‌ هه‌یه‌. باوه‌ڕم به‌وه‌ هه‌یه‌ وێژه‌ توانای ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌. وێژه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئازادیمان بداتێ. به‌ڵێ، ئه‌وه‌ راسته‌.

من چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ قه‌فه‌سێكدام، به‌ڵام هه‌موو ئه‌م كاتانه‌ مێشكم هه‌میشه‌ وشه‌ی به‌رهه‌مهێناوه‌ و ئه‌و وشانه‌ش منی به‌ره‌و ئه‌ودیو سنوره‌كان بردووه‌، به‌ره‌و جیهانی ده‌ره‌وه‌ و به‌ره‌و شوێنه‌ نه‌ناسراوه‌كان. من به‌ڕاستی باوه‌ڕموایه‌ كه‌ وشه‌كان له‌ په‌رژینی ئه‌م جێگه‌یه‌، له‌م زیندانه‌ به‌هێزترن.

ئه‌مه‌ ته‌نها دروشمێك نیه‌. من كه‌سێكی ئایدیاڵیی نیم. من بۆچوونی كه‌سێكی ئایدیاڵی ده‌رنابڕم لێره‌دا. ئه‌م وشانه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ دێن كه‌ نزیكه‌ی شه‌س ساڵه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دورگه‌یه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌. كه‌سێك كه‌ شایه‌تی روودانی تراژیدیای گه‌وره‌ بووه‌ له‌م جێگه‌یه‌دا. ئه‌و وشانه‌ رێگه‌م پێ ده‌ده‌ن ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا ئاماده‌بم.

 به‌ڕاشكاوی، پێمخۆشه‌ بڵێم ئه‌م خه‌ڵاته‌ سه‌ركه‌وتنێكه‌. سه‌ركه‌وتنێكه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ ئێمه‌، به‌ڵكو بۆ وێژه‌ و هونه‌ر و له‌سه‌رو هه‌موو شتێكیشه‌وه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی. سه‌ركه‌وتنێكه‌ بۆ مرۆڤه‌كان، بۆ كه‌رامه‌تی مرۆڤ. سه‌ركه‌وتنێكه‌ دژی ئه‌و سیستمه‌ی هه‌رگیز دانی نه‌ناوه‌ پێماندا وه‌ك مرۆڤ. سه‌ركه‌وتنێكه‌ دژی ئه‌و سیستمه‌ی ئێمه‌ی كورت كردۆته‌وه‌ بۆ چه‌ند ژماره‌یه‌ك.

 ئه‌مه‌ چركه‌ساتێكی قه‌شه‌نگه‌. با ئه‌مشه‌و هه‌موومان پێكه‌وه‌ دڵخۆشبین به‌ ده‌سه‌ڵاتی وێژه‌.

ئـ. فـ