سەردێڕ:

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: چەکدارە هەڵاتووەکانی داعش تەکنیکی نوێ بەکاردەهێنن بۆئەوەی بگەڕێنەوە بۆ عێراق

هێزەکانی سوپای عێراق لە سنوری سوریا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-01

13159 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، لەگەڵ توندبوونەوەی گەمارۆ و ئۆپراسیۆنەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر پاشماوەی چەکدارانی داعش، ئەو ڕێکخراوە پەنا بۆ شێواز و تاکتیکی دیکە دەبات بۆ گەڕانەوە بۆ ناوخۆیی عێراق.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، هەڵهاتنی چەکدارانی داعش لە دوا پێگەکانی خۆیان لە سنورە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و سوریا، وای لە حکومەتی عێراق کردووە هێزی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکە بکات بۆ داخستنی.

ئەو هەوڵەی عێراق هاوکاتە لەگەل نزیکبوونەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەو ناوچانەی کە چەکدارانی داعش بە شێوەیەکی کەم تیایدا ماونەتەوە لە سوریا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەندێک لەو چەکدارانە بە ئاراستەی عێراق هەڵدێن و پەنا بۆ چەندین تۆڕی قاچاغ دەبەن لە سنورەکان بۆ گەڕانەوە، یان هەندێکیان وەک شوانکارە خۆیان دەردەخەن بۆئەوەی بتوانن بگەڕینەوە بە ئاراستەی سنورەکانی عێراق.

ڕۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، ئەو هەواڵانە وای لە حکومەتی عێراق کردووە، هێزی ئەمنی و سەربازی زیاتر ڕەوانەی سنوری سوریا بکات، بۆئەوەی مەترسی گەڕانەوەی ئەو چەکدارە پەڕاگەندانەی داعش لە خۆی دووربخاتەوە و ڕێگە نەدات جارێکی تر بگەڕێنەوە ناوخۆیی وڵاتەکەی.

بەهۆی ئەوەی عێراق سنورێکی هاوبەشی لەگەڵ سوریا بە درێژایی نزیکەی ٤٠٠ کیلۆمەتر هەیە و زۆربەشی ناوچەی بیابانە و ئاوەدانی تێدا نییە، چەندین گروپی هۆزەکان لە سنورەکان بوونیان هەیە و مەترسی هەیە دووبارە ئەو چەکدارە هەڵهاتووانەی داعش بگەڕێنەوە ناوخۆیی عێراق.

پێشتر حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی چەکدارانی داعش و ڕێگریکردن لە دزەکردنیان لە سنورەکانەوە، چەندجارێک بە فڕۆکەی جەنگیی هێرشیکردووەتە سەر پێگە و مۆڵگەکانی داعش لە ناوخۆیی سوریا، لە ئێستادا ناوبەناو هێزی سەربازی زیاتر ڕەوانەی سنورەکانی سوریا دەکات بۆ هەمان مەبەست.

ع.م