سەردێڕ:

فەرید ئەسەسەرد: لەبەر نیگەرانییەکانی تورکیا بڕیارماندا تەڤگەری ئازادی لێرە نەمێنێت

پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا
فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-31

4043 جار خوێندراوەتەوە

فەرید ئەسەسەرد ڕایگەیاند، "لەبەر نیگەرانییەکانی تورکیا بڕیارماندا تەڤگەری ئازادی لێرە نەمێنێت و پێشتریش پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ پەکەکە نەبووە."

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەمیانەی بەشداریکردن لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، توركیا نیگەرانبوو كە تەڤگەری ئازادی لێرەن، بۆیە بڕیارماندا بارەگاكانیان لێرە نەمێنێت.

ڕوونیشیکردەوە، یەکێتی لە هەوڵدایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ تورکیا بڕیاری داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادیمان دا.

سەبارەت بەوەی ئاساییە لەسەر داوای تورکیا بارەگای هێزێکی کوردی دابخرێت؟ ناوبراو ڕایگەیاند، پێشتریش پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ پەکەکە نەبووە، بەڵام هەمیشە تۆمەتبارکراون بەوەی هاوکارییان دەکەن و چەک بۆ پەکەکە دابیندەکەن.

ڕاشیگەیاند، هەوڵدەدەین پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ هەبێ و لەگەڵ کوردانی ئێران و تورکیا پەیوەندییەکی باشمان هەبێت، بەڵام ناتوانین هاوسەنگی ڕاگرین.

ئەمەش لەکاتێدایە، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی نیگەرانییەکانی تورکیا و تۆمەتبارکردنی یەکێتی بە هاوکاریکردنی پەکەکە و ڕفاندنی دوو ئەندامی دەزگای هەواڵگریی تورکیا "میت"، لە سنوری دەسەڵاتی یەکێتی لەلایەن پەکەکەوە، تورکیا سلێمانی خستە لیستی ئەو شارانەوە کە دژ بە تورکیان و ئابڵوقەی سەر گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە و دوای هەوڵەکانی یەکێتی بۆ داخستنی بارەگاکانی تەڤگەری ئازادی و دەستگیرکردنی ئەندامانی، فڕۆکەخانەی سلێمانی کرایەوە و پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا باشتربوو.

ئـ. فـ