سەردێڕ:

​وەزارەتی پەیوەندییەکانى عێراق بە ڕێژەى ٢٥% نرخی ئینتەرنێتى دابەزاند

فۆتۆ: 
2019-01-31

10299 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەیوەندییەکانى عێراق بڕیاریدا بە ڕێژەى ٢٥% نرخی سەرجەم هێڵەکانی ئینتەرنێت کەمبکرێتەوە و ئاستى  خێرایی و کوالیتییەکەشی باشتر بکرێت.

وەزارەتی پەیوەندییەکانى عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بە فەرمانی وەزیر و لە چوارچێوەى باشترکردنی جۆرییەتی ئینتەرنێت، بڕیاردراوە نرخی سەرجەم هێڵەکان بە ڕێژەى ٢٥% کەمبکرێتەوە، هاوکات خزمەتگوزاریی خۆڕایی  ئینتەرنێت لە جۆری  (stm1) بۆ سەرجەم پارێزگاکان دابینبکرێت.

وەزارەتی پەیوەندییەکانى عێراق ڕاشیگەیاندووە، داوا لە کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت کراوە خزمەتگوزارییەکانیان زیاتر پەرەپێبدەن و، بە شێوەیەکى فراوان بیگەیەننە دەست سەرجەم هاوڵاتییان.

 راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمیش بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی  ڕاگەیاند، بەو پێیەى سەرجەم هێڵەکانى ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردنیان لە حکومەتى هەرێم وەرگرتووە نەوەک حکومەتی ناوەندی بۆیە  ئەو بڕیارە تۆڕەکانى هەرێم ناگرێتەوە و هەر وەک ڕێنمایی و نرخەکانى خۆیان بەردەوامدەبن.

لە بەرامبەر پرسیارێکى دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕتیدا سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەمان هاوشێوەی عێراق ئەو  هەنگاوە نانێن بۆ کەمکردنەوەى نرخەکان،  راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن  وتی، "نەخێر تا ئێستا  هیچ پلان و بڕیارێک لەو بارەیەوە لە ئارادا نیە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەشێک لە هاوڵاتییانی هەرێم گلەیی ئەوە دەکەن کە تۆڕەکانی ئینتەرنێت باش نین و نرخەکەشیان گرانە.