سەردێڕ:

ڕوسیا هەڵوێستی خۆی لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاند

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لەگەڵ محەمەد حەکیم وەزیری دەەرەوەی عێراق
فۆتۆ: سپۆتنیک
2019-01-30

1821 جار خوێندراوەتەوە

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق "شەرعییە" چونکە پشتبەستن بە مۆڵەت و ڕەزامەندی حکومەتی عێراق لەوێیە.

لاڤرۆف ئەمڕۆ چوارشەممە (٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لەگەڵ محەمەد حەکیم هاوتا عێراقییەکەی لە مۆسکۆ ڕایگەیاند "هاوکاریی سەربازیمان هەیە لەگەڵ عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی روسیا وتی "هاوکاریی عێراق دەکەین بۆ گەشەپێدانی توانا سەربازییەکانی".

دەربارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق، لاڤرۆڤ ڕایگەیاند "رێز لە مافی سەروەری عێراق دەگرین لە چۆنێتی هاوکارییکردنی لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەدا، بۆیە پێویستە لەسەر حکومەت خۆی بڕیار بدات کە بە چ شێوەیەک بەرگری لە ئاسایشی خۆی دەکات".

لەو ڕووەوە جەختیکردەوە، لەبەر ئەوەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا مۆڵەت و ڕەزامەندی حکومەتی عێراقی لەسەرە، بۆیە بوونی ئەو هێزانە لە ناوخۆیی ئەو وڵاتە بە شەرعی دەزانن.

لە ئێستادا محەمەد حەکیم وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەردانێکی ڕوسیادایە و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوە باڵاکانی حکومەتی ڕوسیا ئەنجام بدات، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و مۆسکۆ لەسەرجەم بوارەکاندا بە تایبەت بواری سەربازی.

ع.م