سەردێڕ:

باخەوانێک لە کەنەدا هەشت گەنجی کوشتووە

تیمەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2019-01-30

57476 جار خوێندراوەتەوە

باخەوانێک لە کەنەدا لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٧، هەشت گەنجی کوشتووە و تەرمەکانی شاردوونەتەوە.

پۆلیسی کەنەدی رایگەیاند، لە شاری تۆرۆنتۆی کەنەدا باخەوانێک بە ناوی بروس مەکئارسەر لە ماوەی حەوت ساڵدا هەشت گەنجی کوشتووە کە حەوت ساڵە چارەنوسیان نادیار بووە و یەکێک لە قوربانییەکانیش بەڕەچەڵەک تورکە.

مەکئارسەر کە تەمەنی ٧٦ ساڵە و ساڵی رابردوو بە تۆمەتی ئەنجامدانی دوو تاوان دەستگیرکرابوو، پۆلیس دواتر ٦ تاوانی دیکەی خستووەتە ئەستۆی.

رووفاتی قوربانییەکانی دەستی ماکئارسەر لە خانویەکی ناوچەی لیسایدی سەر بە شاری تۆرۆنتۆدا دۆزراونەتەوە.

پۆلیسی ناوچەکە راشیگەیاند، باخەوانەکە لەو شوێنەی کاری باخەوانی تێدا کردووە روفاتی قوربانییەکانی لە نێو چەند سەتڵێکدا هەڵگرتووە و هەندێکیشیانی لە دۆڵێکدا شاردووەتەوە.

مایکڵ کانتلۆن دادوەری لێکۆڵینەوە رایگەیاند، مەکئارسەر پێش کوشتنیان قوربانییەکانی ناچار کردووە لەبەردەم کامێراکەییدا بەو شێوەیە بوەستن کە ئەو دەیەوێت تاکو وێنەیان بگرێت و کەلوپەلە گرانبەهاکانی قوربانییەکانیشی لە شوێنێکدا شاردووەتەوە.

دادگاییکردنەکەی مەکئارسەر لە (٤ی شوباتی ٢٠١٩)دا بەڕێوە دەچێت و دۆست و خێزانی قوربانییەکانیش ئامادەی دادگاییکردنەکە دەبن.

ع.ا