سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. پادشای ئیسپانیا بە ئاڵای سەردەمی بەعسەوە هاتە عێراق

فۆتۆ: 
2019-01-30

36419 جار خوێندراوەتەوە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیمەنی ڤیدیۆیی گەیشتنی فڕۆکەکەی پادشای ئیسپانیا بۆ عێراق بڵابووەتەوە و ئەوەی جێگەی سەرنجە لە بەشی پێشەوەی فڕۆکەکە لە بری ئاڵای ئێستای عێراق ئاڵای سەردەمی ڕژێمی بەعسی هەڵوەشاوە بەرزکراوەتەوە، ئەوەش خوێندنەوە و کاردانەوەی جیاجیای بە دوای خۆیدا هێنا.

وەک لە دیمەنە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت کاتێک پادشای ئیسپانیا لە پلیکانەی فڕۆکەکە دێتەخوارەوە، دەردەکەوێت لەلای دەستی چەپی پێشەوەی فڕۆکەکە ئاڵای پێشووی عێراق کە سێ ئەستێرەی تێدا دەردەکەوێت، ئەوەش وا لێکدانەوەی بۆ کراوە چۆن دەبێت لێپرسراوێکی باڵای وڵاتێکی بیانی لەو پلەیەدا سەردانی عێراق بکات و ئاگادار نەبێت بە گۆڕینی ئاڵای وڵاتەکەی.

هەر لە مانگەشدا بە مەبەستی دەربڕینی خۆشحاڵی بە شەردانی شا عەبدوڵای دووەمی پادشای ئوردن بۆ عێراق، لە چەند شەقامێکی بەغدا بە هەڵە ئاڵای دەسەڵاتی فەلەستین لە جیاتی ئاڵای ئوردن  هەڵواسرابوو.

ئەمڕۆ فلیپ خوان پابلۆ پاشای ئیسپانیا گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆبێتەوە.

 

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا فلیپ خوان پابلۆ ئالفۆنسۆ دێ تۆدۆس لۆس (فلیپی شەشەمی ئیسپانیا) گەیشتووەتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبێتەوە.

دوای ٤٠ ساڵ ئەوە بۆ یەکەمجارە پاشای ئیسپانیا سەردانی عێراق دەکات.

ع.م