سەردێڕ:

بە فەرمانى عەبدولمەهدى ئەنجومەنی باڵاى نەهێشتنى گەندەڵى پێکدەهێنرێت

عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق
فۆتۆ: 
2019-01-30

1524 جار خوێندراوەتەوە

بە مەبەستی بنبڕکردنی گەندەڵیی لە دامودەزگاکاندا، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی دیوانی دەرکردووە بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هۆکاری پێکهێنانی ئەنجومەنەکە هەستکردنیانە بە مەترسییەکانی گەندەڵیی لەسەر ئابوری عێراق و ژیانی هاوڵاتیان و پابەندبونیانە بە ڕێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵیی.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەبێت پەلە بکرێت لە تەواوکردنی قەوارەیەکی یاسایی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و دواتریش بانگهێشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ دەرکردنی یاسایەک لەبارەیەوە.

ڕاشیگەیاندووە، دەبێت بەرپرسانی دەوڵەت ناچاربکرێن لەماوەی یەک هەفتەدا سەرجەم سامانەکانیان بۆ دەستەی دەسپاکی چاودێریی دارایی ئاشکرابکەن.

عادل عەبدولمەهدی وەزارەتەکانیشی پابەند کردووە لەماوەی ٩٠ ڕۆژدا پرۆژەکانی تایبەت بە وەزارەتەکانیان ئامادە بکەن و دەزگاکانی چاودێریش بەدواداچوونیان بۆ بکەن.

ئ.ر