سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق پوختەى چالاکییەکانى وەرزى یەکەمى یاسادانانى خولى چوارەمى بڵاوکردەوە

پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-30

761 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق پوختەى کار و چالاکییەکانى وەرزى یەکەمى یاسادانانى خولى چوارەمى خۆى بڵاوکردەوە کە پاش پەسەندکردنى بودجە کۆتایی پێهات و چووە پشووى زستانەى ٢٠١٩ وە.

بەپێى گرتەیەکى ڤیدیۆیی کە فەرمانگەى راگەیاندنى ئەنجومەنى نوێنەران بڵاویکردۆتەوە و وێنەیەکى دراوە بە ئێن ئاڕ تی،  خولى چوارەمى پەڕلەمانى عێراق لەمیانەى وەرزى یاسادانانى یەکەمى خۆیدا کە لە ٣ی ئەیلولى ٢٠١٨دا بەسوێندخواردنى پەڕلەمان دەستیپێکردووە، ژمارەیەک کار و چالاکیی جۆراوجۆرى ئەنجامداوە کە دیارترینیان پەسەندکردنى بودجەى گشتى فیدراڵییە بۆ ساڵى ٢٠١٩

پەڕلەمانتارانى عێراق لە ١٥ ئەیلولدا دەستەى سەرۆکایەتى پەڕلەمانیان هەڵبژاردووە، لە ٢ی ئۆکتۆبەرى ٢٠١٨ دا دەنگیانداوە بۆ سەرۆک کۆمار، لە ٢٤ تشرینى یەکەمى ٢٠١٨دا یەکەم وەجبەى وەزیرانى کابینەکەى عەبدولمەهدى کە ١٢ وەزیرن متمانەیان لەناو پەڕلەمان وەرگرتووە.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەى پەڕلەماندا ئەوە خراوەتە ڕوو کە پەڕلەمان لەم وەرزەى یاساداناندا ١٩ پرسیارى نوسراوى ئاراستەى لایەنە فەرمییەکان کردووە، لەگەڵ ٣ پرسیارى زارەکى، ٦ لیژنەى لێکۆڵینەوەى پێکهێناوە بەشێوەى کاتیى بۆ چارەسەرکردنى پرسە هەڵواسراوەکان و ٧ بانگهێشتنامەى ئاڕاستەى بەرپرسان کردووە بۆ ئامادەبوون لەناو هۆڵى پەڕلەمان.

سەبارەت بەدانیشتنەکانی ئەم وەرزەش ژمارەیان ٢٩ دانیشتنى فەرمییە کە ١٠ پرۆژەى یاساى تێدا تاوتوێ کراوەو بڕیارێکى پەڕلەمانیشى دەربارەى قەیرانى بەسرە تێدا دەرکراوە.

فەرمانگەى ڕاگەیاندنى ئەنجومەنى نوێنەران ١٥٣ دیدارى فەرمى و ٢٤ دیدارى گشتی بۆ دەستەى سەرۆکایەتى پەڕلەمان تۆمارکردووە، لەگەڵ ٤٤ چالاکى جۆراوجۆر و ٣١ کۆبوونەوە و ٨١ سەردانى ناوخۆیی و دەرەکیی.

جێگەى ئاماژەیە خولى چوارەمى پەڕلەمانى عێراق لە هەڵبژاردنى ١٢ی ئایارى ٢٠١٨دا هەڵبژێردراوە و لەلایەن محەمەد حەلبوسى پارێزگارى پێشوى ئەنبارەوە سەرۆکایەتى دەکرێت و لە ٣٢٩ کورسى پێکدێت کە بەسەر چەند هاوپەیمانێتى و لیستێکى سیاسى جیاجیادا دابەش بووە.

ش.ق