سەردێڕ:

میدیا جیهانییەکان.. بەریتانیا بە بڕی ٣٠ ملیۆن پاوەن هاوکاری عێراق دەکات

فۆتۆ: 
2019-01-29

416 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

ڕۆژنامەی ئیندپێندەنت بڵاویکردووەتەوە، بەریتانیا بە بڕی ٣٠ ملیۆن پاوەن هاوکاری عێراق دەکات و بڕیاریشە بەشێک لەو هاوکارییە لە ئاوەدانکردنەوەی نەخۆشخانە و قوتابخانە و وێستگەکانی کارەبادا خەرجبکرێن کە بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانیان بەرکەوتووە، بە گوێرەی رۆژنامەکە، بڕی ١٦ ملیۆن پاوەن لە ئاوەدانکردنەوەی گەڕەکەکان و ٦ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار پاوەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی کارگە زیانبەرکەوتووەکان و ١٠ ملیۆن پاوەنی دیکەش بۆ هاوکاری مرۆیی تەرخاندەکرێت.

++++

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، تیمێکی شوێنەواری نێودەوڵەتی دیاریکراون بۆ گەڕاندنەوەی ئەو شوێنەوارە دێرینانەی عێراق کە لەلایەن داعشەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەتاڵانبراون و بردراونەتە دەرەوە. برونۆ دێسلاندێس شوێنەوارناس لە ڕێکخراوی یونسکۆ داوای لە وڵاتانی دەرەوە کرد کە هاوکاری عێراق بکەن لە گەڕاندنەوەی شوێنەوارە بەتاڵانبراوەکانیدا.وتیشی ئەگەر لە ئەوروپا یان هەر شوێنێکی جیهان شوێنەوارەکانی عێراق دۆزرانەوە ئەوا بە پشتبەستن بە دیکۆمێنتەکانیان دەتوانن بیگەڕێننەوە.

++++

ماڵپەڕی عەرەبی جەدید نوسیویەتی، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە پێشڕەوی زیاتریان لە شەڕی دژ بە داعش کردووە و لە ئێستادا داعش تەنها چوار کیلۆمەتر خاکی لە ژێر دەستدا ماوە، هەڤاڵ ڕۆنی فەرماندەی هەسەدە بۆ میدیاکانی ئاشکراکردووە، ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعشدا ماون لە شارۆچکەی باغوزەوە بۆ سنوری عێراق درێژدەبێتەوە، دەشڵێت سەرکردەی باڵای داعش لەو ناوچەیەدا هەن.

++++

هاوەرد شوڵتز بەڕێوەبەری پـێشووی کۆمپانیای ستاربەکس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی سی بی ئێس، وتوویەتی بە جدیی بیرلەوەدەکاتەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠ ی ئەمەریکادا خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتەکە کاندیدبکات و ببێتە ڕکابەری دۆناڵد ترەمپ.  ناوبراو وتوویەتی بە درێژایی ژیانی دیموکرات بووە، بەڵام ئەگەر خۆی کاندیدکرد، ئەوا لە دەرەوەی بازنەی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات دەبێت.

++++

بەپێی هەواڵێک ماڵپەڕى ئەلعەرەبییە، کۆمپانیای سناپچات تاوتوێی چەند گۆڕانکارییەکی نوێ دەکات لە ئەپەکەیدا، بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکێک لەو گۆڕانکاریانەی ئەپەکە کە کاری لەسەردەکرێت ئەوەیە، ئەو کەسانەی پۆستەکانیان کراوەن بەڕووی هەموو بەکارهێنەرێکدا، زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە ئەپەکەدا دەمێننەوە، یان پێدەچێت ئەو پۆستانە بۆ هەمیشە بمێننەوە بە بێ ئەوەی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بسڕێنەوە. ماڵپەڕەکە دەڵێت ئامانجی کۆمپانیاکە لەم گۆڕانکارییە زیادکردنی ژمارەی بەکارهێنەرانی سناپچاتە.

ئ.ر