سەردێڕ:

کورتەیەک دەربارەی ژیانی تەحسین بەگ میرى ئێزیدییەکان

میر تەحسین بەگ میرى ئێزیدییەکان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-28

7735 جار خوێندراوەتەوە

کۆمەڵگاى ئێزیدی لە چەند چینێک پێکدێت، میرەکان، شێخەکان، قەواڵەکان و هەژاران، کە زۆربەی کۆمەڵگای ئێزیدی پێکدێنن.

بەپێی بەدواداچوونێکى ئێن ئاڕ تى، میرەکان دەمڕاست و بەرپرسى کاروبارى دنیاى ئێزیدییەکانن، لەناو ئەوانیشدا میر تەحسین خاوەن چیرۆکێکى سەرنجڕاکێشە، بۆ گەیشتنى بەم پایەى ئێستاى، "میان خاتوون"ى نەنکى هۆکار و یارمەتیدەر بووە. ئەم شاژنە ئێزدییە ساڵی ١٨٧٣ لە ناحیەی باعەدرێی سەربە قەزای شێخان لەدایکبووە، پاش کوژرانى عەلى بێگى مێردى لە ١٩١٣ بووەتە وەسى بەسەر سەعید بەگى کوڕییەوە، کە تەمەنى ١٢ ساڵ بووە و باوکى میر تەحسینە.

میان خان یەکێکە لەو ژنە دەگمەنانەى لەناو کۆمەڵگاى خۆیدا حوکمڕان بووە، لەو ماوەیشى کە وەسی بووە وەک هەر پیاوێکیترى فەرمانڕەوا مامەڵەى کردووە، لەسەر ئەمەش سەردەمەکەى لە هەندێ سەرچاوەدا ناونراوە "سەردەمى میان خاتوون،" کە تا ١٩٥٦ درێژەى کێشاوە، لەکاتێکدا ناوبراو هیچ خوێندەوارییەکى نەبووە.

ساڵى ١٩٤٤ کە "عەلى بێگ"ى باوکى میر تەحسین مردووە، لەکاتێکدا تەمەنى ئەو هێشتا ١٣ ساڵان بووە، ئەمەش نەدەگونجا بۆ ڕاگەیاندنى جێگرتنەوەى و پەیوەندیکردنى بە پەڕلەمانەوە وەک نوێنەرى ئێزیدییەکان، بەڵام میان خاتوونى نەنکى کارێکى وەهایکرد حکومەت تەمەنى میر تەحسین گەورە بکات تا بە پەڕلەمانتار قبوڵکرا و چواردەوریش وەک میر دانیان پێدانا، بەڵام هەر لەژێر چاودێریی نەنکیدا کاریکردووە.

میر تەحسین بچووکى مناڵەکانى میر سەعیدى باوکیەتى، بەڵام لەبەرئەوەى دایکى لە چینى میرەکانە، بووەتە پەسەندکراوى نەنکى، ئەم ڕەچەڵەک و خوێنەش زۆر گرنگە لەناو پەیڕەوانى ئێزدیایەتیدا.

میر تەحسین دەنگى ئێزیدییەکانى گەیاندە دنیا، ڕووبەرى خوێندنى فراوانترکرد لەناو ئەم تایفەیە و لە سەردەمى ئەودا ئێزیدییەکان لە چەند ئۆرگانى گرنگدا نوێنەرایەتییان پێدرا و، بەراورد بەوانەى پێش خۆى سەردەمەکەى ڕەنگە بۆ ئێزدییەکان باشترین بووبێت، بەتایبەت سەردەمى عوسمانییەکان کە ئێزیدییەکان زۆرجار لەژێر گوشار و زەبروزەنگدا بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە (٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) میر تەحسین بەگ میرى ئێزیدییەکان لە تەمەنى ٨٦ ساڵیدا و لە نەخۆشخانەی هانۆڤەری ئاڵمانیا، بەهۆى نەخۆشییەوە کۆچى دوایی کرد.

 

ش.ق