سەردێڕ:

​لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی: داخستنى نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک نایاساییە

فۆتۆ: 
2019-01-28

506 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندووە، داخستنى نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە شاری دهۆک و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسانی ئەو کەناڵە، نایاساییە.

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "رۆژی شەممە ٢٦-١-٢٠١٩ لەکاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکەی ناحیەی شیلادزێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە  هێرش دەکرێتە سەر تیمەکانی ئێن ئاڕتی و چەند کاژمێرێک  دەستگیر دەکرێن و دەست بەسەر کەلوپەلەکەیاندا دەگیرێت و بە داخەوە  دوێنێش بەرواری ٢٧-١-٢٠١٩ نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە شاری دهۆک داخراوە".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، " دەسگیرکردن و هێرشکردن بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و کەناڵی ڕاگەیاندن بە پێشێلکردنی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ی ڕۆژنامەگەری هەرێمی کوردستان و مەترسی بۆ سەر ئازادی رۆژنامەگەری دادەنێین".

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی ڕاشیگەیاندووە، "داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان مامەڵەی یاسایی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان بکەن، کاری ڕۆژنامەنووسی تێکەڵ بە سیاسەت نەکرێت و هەرچی زووترە  نوسینگەکەیان بکرێتەوە و کەلووپەلەکانیان  بۆ  بگێڕنەوە".

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، ئێوارەی دوێنێ هێزە ئەمنییەکانی دهۆک دەستیانگرت بەسەر نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لەو شارە و کارمەندەکانیان بەزۆر ڕەوانەی ماڵەوە کردەوە، دواتر بێوار حیلمی بەرپرسی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک لەلایەن ئاسایشەوە بانگکرا و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەستبەسەرکرا.